مێسی کوڕە نازدارەکەی فیفایە و ئەمریکییەکان گلەییان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
یانەکانی ئەمریکا، گلەیی لە فیفا دەکەن بەهۆی دەستنیشانکردنی یانەی ئینتەر مەیامی وەک نوێنەری ئەمریکا لە مۆندیالی یانەکان، پێیانوایە کارەکە تەنیا لەبەر ناز هەڵگرتنی مێسی کراوە.
یانەی ئینتەر مەیامی، نازناوی قەڵخانی هاندەرانی بەدەستهێنا بەهۆی گرتنی پێشەنگی خولی ئەمریکی، بەڵام ئەوە مانای کۆتاییهاتنی خولەکە نییە و هێشتا قۆناخی پلەی ئۆف لە خولەکەدا دەمێنێت.
هەفتەی پێشوو، فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی 'فیفا' ئاشکرایکرد، یانەی ئینتەر مەیامی، نوێنەرایەتی وڵاتی میوانداریکەری مۆندیالی داهاتووی یانەکان دەکات و یاریی یەکەم و کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەش، لەسەر یاریگەی ئەو یانەیە ئەنجامدەدرێت.
پێشتر فیفا بڕیاریدابوو بەفراوانکردنی مۆندیالی یانەکان و گۆڕینی سیستمەکەی بەبەشداریکردنی 32 یانە لە هەر شەش کیشوەرەکە. 31 یانە سەرکەوتنیان بۆ مۆندیالەکە مسۆگەرکردبوو، تەنیا دیاریکردنی نوێنەری وڵاتی میوانداریکەری پاڵەوانێتییەکە مابوو کە ئەمریکایە.
بەپێی بڕیارەکەی فیفا، یانەی ئینتەر مەیامی یاریی کردنەوەی مۆندیالەکە لە رۆژی 15ی مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو ئەنجامدەدات.
رۆژنامەی 'زە سەن'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، تووڕەیی و ناڕەزایەتی لەنێو چەندین یانەی خولی ئەمریکیدا هەیە لەبەرئەوەی کورسیی وڵاتی میوانداریکەر بەیانەی ئینتەر مەیامی دراوە، ئەگەرچی ئەو یانەیە هێشتا بەفەرمی نەبووەتە پاڵەوانی ئەمساڵی خولی ئەمریکا.
فیفا و سەرۆکی ئەو رێکخراوە، پێیانوایە بەدەستهێنانی نازناوی قۆناخی یەکەمی خولەکە کە بەپشت بەجیاوازیی خاڵ دەبەستێت، بەسە بۆ ئەوەی ئینتەر مەیامی نوێنەرایەتی ئەمریکا بکات لە مۆندیالەکەدا.
یانەکانی خولی ئەمریکا پێیانوایە ئەوەی فیفا و ئینفانتینۆ دەیکەن، تەنیا بەردەوامبوونە لەسەر مامەڵەی تایبەت و خاترگیرانە بۆ مێسی و هاوڕێکانی، لەوکاتەوەی ئەو یاریزانە لە هاوینی 2023ەوە پەیوەندی بە یانە ئەمریکییەکەوە کردووە.
یانەکان گلەییان لەوە هەیە کە هێشتا بەفەرمی پاڵەوانی ئەمساڵی خولەکە دەرنەکەوتووە، بەڵام فیفا وەک پاڵەوان مامەڵە لەگەڵ ئینتەر مەیامی دەکات و ئەوەش ناهەقییە بەرامبەر یانەکانی دیکە و خاترگرتنی مێسی و هاوڕێکانێتی.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکا دەڵێ، فیفا بڕیاربەدەستی یەکەمە لە بڕیاری بەشداریکردنی ئینتەر مەیامی لە مۆندیالی یانەکان.
لە پاڵ ئینتەر مەیامیدا، یانەی سیاتڵ ساوندەرزیش بەشداری لە مۆندیالەکەدا دەکات بەڵام وەک پاڵەوانی کۆنکاکاف لە ساڵی 2022دا.