مۆرینیۆ لە تورکیا.. مانەوە لە هوتێل و هەموو رۆژ هەمان ژەمی ئێوارە
رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی فەنەربەهچەی تورکی، تاوەکو ئێستا لە هوتێل دەمێنێتەوە و نانخواردنی ئێوارەی ئەو راهێنەرە، بووەتە نووکتە لەنێو کارمەندانی هوتێلەکەدا.
بەمەشقدانی یانەی فەنەربەهچەی تورکی، کە لە هاوینی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە، جۆزێ مۆرینیۆ بەشێکی دیکە لە کاروانی ژیانی خۆی وەک راهێنەر بەسەر دەبات لە تورکیا.
هاوینی ئەمساڵ، دوای نزیکەی پێنج مانگ لە دوورخستنەوەی لە مەشقدانی یانەی رۆمای ئیتاڵی، جۆزێ مۆرینیۆ وەک راهێنەری نوێی فەنەربەهچەی تورکی ناسێنرا.
گرێبەستی جۆزێ مۆرینیۆ لەگەڵ یانە تورکییەکە بۆ دوو ساڵە. میدیاکان دەڵێن سپێشەڵ وەن ساڵانە 10 ملیۆن پاوەند وەک مووچە لە یانە تورکییەکە وەردەگرێت.
ئێستا مۆرینیۆ نزیکەی سێ مانگە لە تورکیا دەژی. میدیاکان دەڵێن تاوەکو ئێستا مۆرینیۆ نەچووەتە خانوویەکی تایبەتەوە، بەڵکو لە نهۆمێکی تایبەتی هوتێلی 'فۆڕ سیزن' نزیک لە تەنگەی بۆسفۆر لە ئیستەنبووڵ دەژی کە دەکەوێتە بەشە ئەوروپییەکەی شارەکەوە.
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، کرێی مانەوەی مۆرینیۆ لە هوتێلەکە بۆ هەر شەوێک لانیکەم هەزار پاوەندە.
وەک رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، مۆرینیۆی 61 ساڵان، "ئیستەنبوڵی خۆشدەوێت چونکە وەک لەندەن وایە، بەڵام کەشی ئیستەنبوڵی لا خۆشترە".
رۆژنامە ئینگلیزییەکە کە بەدواداچوونی بۆ ژیانی راهێنەری پێشووی یانەکانی چێڵسی، مانچێستەر یونایتد و تۆتێنهام کردووە، دەڵێ، یانەی فەنەربەهچە ئامادەن باشترین خانوو لە ئیستەنبوڵ بۆ جۆزێ بەکرێ بگرن، بەڵام ئەو ژیانی هوتێلی بەلاوە باشترە، پێیوایە لەوێوە دەتوانێت ئاسانتر کارەکانی بکات و جیا لەوەش، مۆرینیۆ نازانێ خواردن دروست بکات.
ئەوە یەکەمجار نییە مۆرینیۆ لە مەشقدانی یانەکاندا، مانەوە و جێگیربوون لە هوتێل بەپەسندتر دەزانێت، پێشتر کاتێک راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد بوو، لە هوتێلی 'لوری' دەمایەوە لە مانچێستەر.
'دەیلی مەیل' دەڵێ، کارمەندانی هوتێلەکە، وەک نووکتە باسی مانەوەی جۆزێ لە هوتێلەکەدا دەکەن، چونکە ئەو هەموو ئێوارەیەک هەمان خواردن داوادەکات کە بریتییە لە سوپی مریشک، پیتزای مارگرێتا، ئایسکرێم و ئاوی گازی.
مۆرینیۆ تاوەکو ئێستا لە 14 یاریدا سەرپەرشتی یانە تورکییەکەی کردووە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان. هەشت یاریی بردووەتەوە و چوار یاریی یەکسانبووە و تەنیا دوو یاریش دۆڕاوە.
فەنەربەهچە ئێستا، پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی تورکیای گرتووە بەکۆکردنەوەی 17 خاڵ لە هەشت یاری و هەشت خاڵ لە گەڵاتەسەرای پێشەنگی خولەکەوە دوورە.