میلان و یوڤێنتوس لووتکەیەکی جیاواز دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە لووتکەی گەڕی نۆیەمی خولی ئیتاڵیا، یاریگەی سانسیرۆ دەبێتە شانۆی رووبەڕووبونەوەی دوو یانەی گەورەی خولەکە، کاتێك ئەمشەو کاژێر 21:45 ئەیسی میلان میوانداری یۆڤێنتۆس دەکات.
میلان بە بارودۆخێکی باشدا تێدەپەڕێت و ئەم وەرزە لە کۆی هەشت یاری لە خولی ئیتاڵی حەوت یاری بردووەتەوە، خاوەنی 21 خاڵە و لە پلەی دووەم دێت، بە دوو خاڵ لە دوای ئینتەری هاوشاری دێت، بەڵام میلان یاریەك کەمتری ئەنجام داوە.
سەبارەت بە یوڤێنتۆسیش یانەکە بە باشی دەستی بەم وەرزە کردووە و بە 17 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت و 4 خاڵ لە دوای میلانەوەیە.
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری میلان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا جەختی لەوە کردەوە کە بردنەوەکانی رابردوو بۆ ئێستا گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و پێویستە یانەکە بەردەوام بێت لە بەرەوپێش چوون ئەگەر بیانەوێت رکابەری بکەن بۆ بردنەوەی سێریا ئەی.
میلان لەم یارییەدا بە دەست پێکان و راگیرانی یاریزانەکانییەوە دەناڵێنێت. هەر یەکە لە مایک ماینانی گۆڵپارێز و تیۆ هێرناندێزی بەرگریکار لەم یاریە بەشداری ناکەن. بەهۆی ئەوەی گۆڵپارێزە فەرەنسیەکە لە یاریەکەیان دژی جێنەوا کارتی سووری بە روودا بەرز کرایەوە و تیۆی بەرگریکاریش پێنجەم کارتی زەردی لەم وەرزەدا وەرگرت بۆیە هەردوو ئەستێرە فەرەنسیەکە بۆ ئەم یاریە راگیراون.
مارکۆ سپۆرتیێلۆی گۆڵپارێز چاوەڕوان دەکرا لە شوێنی ماینان یاری بکات، بەڵام دواتر راگەیەندرا کە گۆڵپارێزەکە تووشی پێکان بووە و بۆ ماوەی دوو مانگ لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت کە ئەنتۆنیۆ میرانتی 40 ساڵان پارێزگاری لە گۆڵی میلان بکات لەم یاریەدا.
هەر لەبارەی یاریزانە پێکراوەکان، هەریەکە لە ساموێل چیکوێزی و ئیسماعیل بناسڕ و ماتیا کاڵدارا بەهۆی پێکانەوە لە یاریەکە دادەبڕێن.
بەپێی میدیای ئیتاڵیا پێکهاتەی پێشبینی کراوی میلان بۆ ئەم یاریە بەم شێوەیە دەبێت:
گۆڵپارێز؛ میرانتی
بەرگری؛ کالابریا، تیاو ، تۆمۆری، فلۆرێنزی
ناوەڕاست؛ موسا ، عەدلی، رێیندەرس
هێرشبەر؛ پولیسیچ ، ژیرۆ ، لیاو
ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری ئیتاڵی یانەی یوڤێنتۆس جەختی لە بەهێزی و قورسی ئەم یارییە کردەوە و گوتی: بەدڵنیاییەوە یارییەکی نایاب و پڕ لە ئاڵنگاری دەبێت، میلان بەرامبەر یوڤێنتوس دەبێت، یەکەم بەرامبەر سێیەم لە ریزبەندیی خولەکەدا. دەزانین ئەم یارییە چەندە قورسە، بەتایبەتی کاتێک لە سان سیرۆ بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بە پێکهاتەی یوڤێنتۆس، هەریەکە لە دانێلۆ و ئەلێکس ساندرۆ و نیکۆلۆ فاگیۆلی بەردەست نابن بۆ ئەم یاریە بەهۆی پێکانەوە. پۆگبای ناوەڕاستکاریش تۆمەتبارە بە بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخش و راگیراوە. ڤلاهۆڤیچ بۆ ئەم یارییە گەڕاوەتەوە و شانبەشانی میلیک سەرکردایەتی هێڵی پێشەوەی بیانکۆنێری دەکەن. کیێزای هێرشبەریش بانگکراوە بەڵام گومان هەیە لە بەشداری کردنی. لەم یاریەدا پێشبینی دەکرێت یوڤێنتۆس بەم پێکهاتەیەوە روبەڕووی میلان بێتەوە:
گۆڵپارێز؛ چێزنی
بەرگری؛ گاتی، برێمەر ، روگانی
ناوەڕاست؛ مەککێنی ، لۆکاتێلی، رابیۆ، کۆستیچ ، ویا
هێرشبەر؛ ڤلاهۆڤیچ ، میلیك
ئەیسی میلان زۆرترین جار روبەڕووی یوڤێنتۆس بووەتەوە لە مێژوویدا، لە 223 یاری نێوانیان یوڤێنتۆس 87 یاری بردووەتەوە، 71 یاری یەکسان بوونە، و 65 یاریش لە بەرژەوەندی رۆسۆنێری کۆتایی هاتووە.
وەرزی رابردوو بۆ یەکەمجار دوای وەرزی 2009-2010 میلان توانی هەردوو رووبەڕووبونەوەیان لە خولی ئیتاڵی لە یوڤێنتۆس بباتەوە، کاتێك لە یاریگای سانسیرۆ توانی بە 2 گۆڵی بێ وەڵام و لە یاریگەی یوڤێنتۆسیش بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر یاریەکەی لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ هێنا.
لە ساڵی 2023 لە خولی ئیتاڵی یوڤێنتۆس توانیویەتی زۆرترین جار تۆڕی گۆڵەکەی بە خاوێنی رابگرێت شانبەشانی ناپۆلی کە هەردوو یانە خاوەنی 15 کلین شیتن.
ئەم رووبەڕووبونەوەیە بۆ میلان گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە بە بردنەوەی ئەم یارییە رۆسۆنێری دەگەڕێتەوە پێشەنگی ریزبەندی و پێش ئینتەرمیلانی رکابەر و هاوشاری دەکەوێتەوە بە 2 خاڵ.
سەبارەت بە یوڤێنتۆسیش بە بردنەوەی ئەم یارییە رکابەری خولی ئیتاڵی بەهێزتر دەکات و جیاوازی لەگەڵ میلان بۆ تەنیا 1 خاڵ و لەگەڵ ئینتەر بۆ 2 خاڵ کەم دەکاتەوە.