تێن هاگ: رۆناڵدۆ هێشتا یاریزانێکی گرنگە لە تیپەکەماندا

رووداو دیجیتاڵ

 

ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، دووپاتیدەکاتەوە کە لە یانەکەیاندا کۆمەڵێک رێسا و بەها هەن دەبێت رێزیان لێبگیرێت و ئەوانەی سەرپێچی دەکەن بەدڵنیاییەوە سزا دەدرێن، گوتیشی "کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێشتا یاریزانێکی گرنگە لە تیپەکەماندا".
 
ئەمشەو کاژێر 19:30 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی لووتکەی گەڕی 13ـی پرێمەرلیگدا، یانەی مانچێستەر یونایتد دەبێتە میوانی چێڵسی، کە بۆ ئەم یارییە تێن هاگی راهێنەری مان یونایتد، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی تیپەکەی دوورخستووەتەوە، وەک سزایەک بۆ ئەوەی کە لە دواخولەکەکانی یارییەکەیان بەرامبەر تۆتێنهام، دۆن رازی نەبوو بچێتە نێو یاری و بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە یاریگەی جێهێشت.
 
ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، لەبارەی کریستیانۆوە وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەڤانانی دایەوە و گوتی "ئەو گفتوگۆیەی لە نێوان من و کریستیانۆدا روویدا لە نێوانماندا دەمێنێتەوە، پێموایە بەیاننامەکە روونە. بێگومان رۆناڵدۆ هێشتا یاریزانێکی گرنگە لە تیپەکەدا".
 
راهێنەری هۆڵەندی، زیاتر گوتی "من راهێنەرم و بەرپرسیارم لە میرات و کلتووری ئەم یانەیە، دەبێت کۆنتڕۆڵی تیپەکە بکەم، کۆمەڵێک یاسا، بەها و ستانداردمان هەیە و دەبێت ئەوە رێکبخەمەوە. رۆناڵدۆ رەتیکردەوە بەرامبەر تۆتێنهام بچێتە ناو یاریگە، ئەوە دەرئەنجامی دەبێت، بۆیە سزادان گرنگە بۆ هەڵوێست و عەقڵییەتی تیپەکە".
 
راهێنەری مان یونایتد، لە بەردەوامی قسەکانیدا سەبارەت بە رۆناڵدۆ گوتی "دوای یارییەکەی رایۆ ڤاییکانۆ بە کریستیانۆم گوت قبوڵ ناکەم زوو بڕۆیتە دەرەوە، نەک تەنیا بۆ ئەو بەڵکو بۆ هەمووان، ئەمە دووەمجار بوو، بۆیە سزا دەدرێت، بۆ یاریی چێڵسی لە تواناکانی رۆناڵدۆ بێبەش دەبین، کە ئەوە زیانێکە بۆ تیپەکەمان، بەڵام ئێستا دەبێت تەنیا بیر لە چێڵسی بکەینەوە، چونکە ئەوە گرنگترە".