ژنێک دەبێتە سەرۆکی شانازیی یانەی خورماڵ


رووداو دیجیتاڵ 

ژنێک دەبێتە سەرۆکی شانازیی یانەی خورماڵ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە؛ سەرۆکی یانەکە دەڵێت، دوای چەند رۆژێک داواکاریکردن لێی، شلێر هەورامی رازی بوو ببێتە سەرۆکی شانازیی یانەکە.
 
رۆژی هەینی 22-10-2021، مامۆستا عومەر حاجی مەحموود، سەرۆکی یانەی خورماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەی ستافی یانەکەدا بڕیاردرا بە دانانی شلێر هەورامی بە سەرۆکی شانازیی یانەی وەرزشیی خورماڵ.
 
مامۆستا عومەر دەڵێت، پێویستیان بە کەسێک بوو دەنگیان بگەیێنێت و گوتیشی، "شلێرخان دەتوانێت دەنگمان بگەیێنێت و خزمەتی یانەکەمان و وەرزشکارانی سنوورەکە بکات."
 
سەرۆکی یانەی خورماڵ گوتی، لە رابردوودا شلێر هەورامی هاوکاریان بووە و لە "ماوەکانی رابردوویشدا لە رێگەی قوباد تاڵەبانییەوە توانیویەتی 23 ملیۆن دینار پێشکێشی یانەی وەرزشی خورماڵ بکات."
 
شلێر غەفور هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
 
یانەی خورماڵ ساڵی 2003 دامەزراوە؛ مانگی 9ـی ساڵی 2013 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و لاوانەوە مۆڵەتی لێوەرگیرایەوە و تاوەکو 7-7-2019 بەفەرمی دەستی بە چالاکییەکانی کردەوە.