"ناوبژیوانانی ئیسپانیا یارییەکانی خولی عێراق بەڕێوەدەبەن"
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەڵێت "لە داهاتوودا ناوبژیوانانی ئیسپانیا یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوەدەبەن و هەموو شتێک لەو پێناوەدا دەکەین."
خاڤێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگای ئیسپانیا، لە کاتی کردنەوەی نووسینگەی دەستەکە لە بەغدا قسەیکرد و گوتی "دۆخی عێراق بە رێژەیەکی زۆر لە دۆخی ئیسپانیا دەچێت، ئێمە پلانمان هەیە بۆ داهاتوو و دەمانەوێت سوود لە دۆخەکان وەربگرین بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجەکەمان."
سەرۆکی دەستەی لالیگا دەڵێت "پلانمان هەیە لە بواری بازاڕگەریدا و کاردەکەین بۆ ئەوەی پلانەکان بکەینە کردەیی، لەو کاتەوەی هاتووینەتە عێراق هەندێک لە شتەکان گۆڕاون و دەکرێت گۆڕانکاری زیاتر لە تۆپی پێی عێراقدا رووبدات."
تێباس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "سۆزداریی تۆپی پێ لێرە لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، ئێمە لە ویستی عەدنان درجال و ویستی یانەکان بۆ پێشکەوتن تێدەگەین و دەمانەوێت بەردەوامبین لە وەبەرهێنان تاوەکو بگەینە ئامانجەکانمان."
خاڤێر تێباس هەواڵێکی خۆشی دایە هاندەرانی تۆپی پێی عێراق و دەڵێت "بۆ هەموو هاوکارییەک ئامادەین، دەکرێت لە داهاتوودا ناوبژیوانانی ئیسپانیا یارییەکانی خولی عێراق بەڕێوەببەن."
خولی ئەستێرەکانی عێراق، ماوەی دوو وەرزە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبردنی خولی ئیسپانیاوە سەرپەرشتی دەکرێت و خولەکە لە هەموو روویەکەوە پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیووە.
خاڤێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، چەند رۆژێکە لە عێراقە و بۆ یاریی کردنەوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە دهۆک ئامادەی یاریی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و زەورا بوو.