مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ جەنگی پێشەنگی پرێمەرلیگ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکانی گەڕی پێنجەمی پرێمەرلیگدا، لووتکەی هەفتەکە مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ کۆدەکاتەوە و هەردوو یانەش چاویان لە بردنەوەیەکی دیکەیە.
یارییەکە کاژێر 18:30 بەکاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
یانەی ئارسیناڵ وەرزێکی دیکە و تێهەڵچوونەوەیەکی دیکەی لە پرێمەرلیگدا، هەر لەپێناو گەیشتنەوەیە بەو نازناوەی یانەکە ساڵانێکی زۆرە چاوەڕێی دەکات و هێشتا پێی نەگەیشتووەتەوە.
ئارسیناڵ، دوای هەندێک دەستکاریکردنی دیکەی پێکهاتەکەی، ئەمساڵیش بەخەونی رکابەریکردنەوە لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ، رکابەرییەکانی خولەکەی دەستپێکردەوە، بەڵام ئەمساڵ دەکرێ ئەزموون و شارەزایی، زیاتر بەهانای یانەکەوە بچن بۆ بەدەستهێنانەوەی نازناوەکە.
ئارسیناڵ، کە وەرزەکەی بە سێ بردنەوە و یەکسانبوونێک دەستپێکردووە، بەئیلهام وەرگرتن لەسەرکەوتنی هەفتەی رابردوو بەسەر تۆتێنهام لە یاریگەی ئەو یانەیەدا، دەیەوێت سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ ئیتیحاد بەهەمان ئاکامەوە بێت، بەتایبەت کە لە دوایین سێ رووبەڕووبوونەوەدا بەرامبەر سیتی، ئارسیناڵ شکستی نەهێناوە.
کێشە و بۆشایی گەورە لە پێکهاتەکەی میکێل ئارتێتا بۆ یارییەکەی سیتی، یارینەکردنی مارتن ئۆدیگاردی مایسترۆی ناوەڕاستی تیپەکەیە، کە بۆشاییەکی گەورە دروستدەکات، بەڵام ئەوەش بەخت باشییە بۆ گانەرز کە کیڤن دیبرۆینی مایسترۆی سیتی، هەمان کێشەی پێکانی هەیە.
لە وەرزێکدا کە خۆی بەدەست زۆریی و بەدوای یەکداهاتنی یارییەکانەوە دەناڵێنێت، ئارسیناڵ ناچارە دووەم یاریی لەسەریەک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجام بدات و کاری زۆر بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش بکات.
مانچێستەر سیتی لای خۆیەوە، هەمان تیپ و هەمان خەون و هەمان ستراتیج بەسەریدا زاڵە. ستراتیجی مانەوە لە لووتکە و بردنەوەی نازناوێکی دیکەی پرێمەرلیگ بۆ دووپاتکردنەوەی باڵادەستیی یانەکە، بەسەر وەرزە یەک لە دوای یەکەکانی پرێمەرلیگ.
بۆ سیتی رووداوێکی نوێ نییە کە لەم سەرەتای خولەدا پێشەنگی گرتووە. چونکە تیپەکەی پێپ گواردیۆلا هەرزوو ویستی دەستگرتن بەنازناوی خولەکەی پێشانداوە و دەیەوێت زوو بۆ هەمووانی دووپاتبکاتەوە بەئاسانی دەست لە نازناوەکەی هەڵناگرێت.
کەوتنی سیتی یان ئارسیناڵ لە یارییەکەی ئەمڕۆدا، نووچدانێکی بەئازار دەبێت لەسەرەتای وەرزەکەدا و دەکرێ بێئومێدی بە یانەی شکستخواردوو بدات لە پێشبڕکێی گەیشتن بەنازناوەکە لە کۆتایی وەرزدا.