خولی سعودیە بە ئامار و ریکۆردە مێژووییەکانی سەرنجی جیهان بۆ خۆی دەبات

 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی وەرزی نوێی خولی سعودیە دەستپێدەکات، خولەکە ئێستا رەنگە دیارترین خولی جیهان بێت لە دەرەوەی تۆپی پێی ئەوروپا و لەم وەرزەدا یانەکە دەیەوێت چەندین ریکۆردی مێژوویی و لەبیرنەکراو تۆماربکات.
 
سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە دوو وەرز لەمەوبەر هەنگاوی یەکەمی بۆ بەرەوپێشبردنی خولی سعودی نا و بە خەرجکردنی ملیاران دۆلار، خولەکەی کردە یەکێک لە خولە دیارەکانی جیهان.
 
بۆ وەرزی نوێ خولەکە لەبەردەم ئاڵنگارییەکی تازەدایە و دەیەوێت زیاتر لە جاران بچێتە پێشەوە، بەهۆی ئەو یاریزانە پیشەگەرانەی پەیوەندیان بە یانەکانی خولی سعودییەوە کردووە، بەهای خولەکە گەیشتووەتە سەرووی ملیارێک و 50 ملیۆن یۆرۆ و خولەکە یەکەم خولە لەسەر ئاستی هەموو وڵاتانی عەرەبی بگاتە ئەو رێژە بەرزە و ملیار یۆرۆ تێبپەڕێنێت.
 
لە خولی سعودیدا بەهای بازاڕی خولەکە لە مانگی هەشتی ساڵی 2022، 355 ملیۆن و 90 هەزار یۆرۆ بوو، ئێستا بەهای بازاڕی خولەکە 213% زیادیکردووە.
 
لە ساڵی 2023 و 2024، خولەکە لە دوای پرێمەرلیگ، دووەم خول بوو لەسەر ئاستی جیهان لە خەرجکردنی پارەدا بۆ گواستنەوەی یاریزانان و خولی سعودی پێش هەریەکە لە خولەکانی ئیتاڵی، فەرەنسی، ئەڵمانی و ئیسپانی کەوت.
 
لەسەر ئاستی یانەکان، یانەی هیلال لەو یانانە بوو زۆرترین پارەی لە 2023 و 2024 خەرجکرد و 353 ملیۆن و 100 هەزار یۆرۆ بۆ گواستنەوەی یاریزانان خەرجکرا، لەپێش هەمووشیانەوە نەیمار داسیلڤا کە 90 ملیۆن یۆرۆی پێدرا و یاسین بونۆش لە سێڤییاوە بەرامبەر 21 ملیۆن یۆرۆ گواسترایەوە.
 
بەهای بازاڕی سەرجەم یانەکانی خولی سعودی بەرزبووەتەوە، خراپترین یانەی ئەو خولە یانەی وەحدەیە و ئێستا یانەی وەحدە بەهای بازاڕییەکەی دەگاتە 12 ملیۆن و 380 هەزار یۆرۆ.
 
کاتێک وەرزی نوێی خولی سعودی دەستپێدەکات، 149 یاریزانی بیانی لەو خولەکەدا یاریدەکەن کە رێژەی 28%ـی خولەکە پێکدەهێنن و تێکڕای تەمەنیان 27.7 ساڵە.
 
بەرپرسانی خولی سعودیە بڕیارییاندا لە هەموو یانەکاندا رێژەی یاریزانەکان کەمبکەنەوە و لە 30 یاریزانەوە بکەنە 25 یاریزان، بۆ ئەوەی ئەو یاریزانانەی کەم یاریدەکەن هەلی زیاتریان هەبێت بۆ یاریکردن.
 
یانەی هیلال، پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی سعودی، گرانبەهاترین پێکهاتەی لە خولەکەدا هەیە و بەهاکەی دەگاتە 205 ملیۆن یۆرۆ، ئیتیحاد لە پلەی دووەمە بە 154 ملیۆن یۆرۆ و یانەی نەسڕ کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی بۆ دەکات، بەهاکەی 144 ملیۆن یۆرۆیە.
 
عومەر مخەربەل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خولی تۆپی پێی سعودیە دەڵێت "رێژەی یکلام و سپۆنسەر لە خولەکەدا لە چاو وەرزی رابردوو 82.2% زیادیکردووە، رێژەی مافی پەخشی تەلەڤزیۆنی یارییەکانی خولی سعودی 736% لە چاو وەرزی رابردوو بەرزبووەتەوە و ئێستا خولەکە لە 160 وڵاتی جیهان پێشاندەدرێت."