ڤیدیۆ؛ وەرزی نوێی خولی سعودیە بەسەرکردایەتیی رۆناڵدۆ دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

خولی رۆشنی سعودی، ئەو خولەی سعودییەکان دەیانەوێت ببێتە یەکێک لە خولە گەورەکانی جیهان، ئەمڕۆ وەرزێکی نوێی دەستپێدەکات.
 
سعودییەکان بۆ هێنانەدی خەونەکەیان بە هێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی خاوەنی 5 باڵۆن دۆر دەستیانپێکرد و دواتر بنزیما، نەیمار، میترۆڤیچ، مەحرز، برۆزۆڤیچ، فێرمینیۆ، کۆلیبالی و دەیان ئەستێرەی دیکەی ئەوروپایان بردە خولەکەیان.
 
 
رۆشن لە وەرزی نوێی خۆیدا ململانێیەکی بەهێزتر و رکابەرییەکی باشتر بەخۆیەوە دەبینێت، بەو پێیەی ژمارەی یاریزانە پیشەگەرە جیهانییەکان روویان لە زیادبوونە و یانەکانی ئەو خولە، بەتایبەتیش گەورەکان بە هێزی پارە یاریزانانی سوپەر لە گەورە یانەکانی ئەوروپا یاخی دەکەن و دەیانهێننە ریزەکانیان. 
 
وەرزی 2024-2025ـی خولی رۆشن ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستپێدەکات، کە ئەگەرچی  لەسەر ئاستی مێرکاتۆ هاوینێکی زۆر گەرمی نەبوو، بەبەراورد بە ساڵی رابردوو، بەڵام مێرکاتۆی ئەوان لە 6ـی10ـی2024 کۆتاییدێت و دەیان دانوستاندن لەلایەن یانەکانی سعودی لەگەڵ ئەستێرەکانی جیهان بەردەوامن و دەکرێت سوپرایزی گەورە ببینین.
 
بەدڵنیاییەوە ئاستی پلان و خەونەکانی حکومەتی سعودیە بێسنوورە و ئەوان دڵنیان کە دەتوانن لە ماوەی چەند ساڵێکدا، درێسی یانەکانی سعودیە بکەنە بەر زۆرترین ئەستێرەی جیهانی، کە بێگومان دەتوانن سوود لەو بودجە زەبەلاحە وەربگرن کە بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکەیان تەرخانیان کردووە.
 
ئەمە وایکردووە یانە گەورەکانی رۆشن زۆر بەبایەخەوە بڕواننە رکابەری لەسەر نازناوی خولەکەیان و هەر لەبەر ئەوەشە کە لە رکابەرییەکی بەهێزدان لەسەر هێنانی زۆرترین ئەستێرە.
 
ئەوەی زیاتریش یارمەتیدەریانە وەزارەتی وەرزشیی سعودی هەمواری یاساکانی پیشەگەری کردووە و پێشتر هەر یانەیەک مافی ئەوەی هەبوو 8 یاریزانی پیشەگەر ناونووس بکات، بەڵام بۆ ئەمساڵ کراوەتە 10 یاریزان، بەمەرجی ئەوەی دوو لەو یاریزانانە دەبێت تەمەنیان لە 23 ساڵ کەمتر بێت.
 
یانەی نەسڕ بە سەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئێستا لە دۆخێکی باشدا نییە، لە کاتێکدا کریس بۆ ئەوە هاتووە یانەکە بباتەوە سەر سەکۆی نازناوەکان، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت بەرپرسانی ئەو یانەیە بۆ رازیکردنی رۆناڵدۆ و هاندەرانیشی پەلە بکەن بۆ هێنانی چەند یاریزانێکی گەورە، بۆ ئەوەی بتوانن رکابەری هیلال و گەورەکانی دیکە بکەن لە لەسەر ئاستی سعودی و ئاسیا، کە بەر لە چەند رۆژێک جارێکی دیکە بە هیلال دۆڕانەوە و جامی سوپەری سعودییەیان لەدەستدا و رۆناڵدۆش کە بە سەرۆکی پڕۆژە گەورەکەی سعودیە و پڕۆژە تایبەتییەکەی یانەی نەسڕ دادەنرێت نەیتوانی تووڕەبوونی خۆی بشارێتەوە، ئەو داوای زیاتر دەکات و سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت نەسڕ و رۆشن سەربخات.