یاریگەکانی کوردستان نۆژەن دەکرێنەوە
رووداو هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند، بڕی 850 ملیۆن دیناری عێراقی تەرخانکراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەی یانە بەشدارەکانی خولی پیشەگەرانی عێراق.
نووسراوی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و چاوەڕوانی واژۆی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران دەکەن، بۆ ئەوەی راستەوخۆ هەموو کەموکوڕی ئەو یاریگەیانە پڕبکرێنەوە کە یارییەکانی خولی پیشەگەرانی عێراقی تێدا بەڕێوەدەچن.
ئەحمەد موسەوی، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئێمە بەشێوەیەکی زۆر ورد چاودێری و نەخشەمان بۆ نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنی هەموو یاریگەکان کردووە تەنانەت یاریگەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی شیاو بن و مەرجەکانی خولی پیشەگەریان تێدا بێت".
یارییەکانی خولی پیشەگەرانی عێراق سەرەتای مانگی 10ـی ئەمساڵ بە هاوکاری دەستەی لالیگای ئیسپانیا دەستپێدەکەن، هەریەک لە یانەکانی نەورۆز، هەولێر، زاخۆ و دهۆک نوێنەری هەرێمی کوردستانن لە خولەکەدا.
موسەوی زیاتر بۆ رووداوی روونیکردەوە "بڕی 850 ملیۆن دیناری عێراقی تەرخانکراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەکان و پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکان، تەواوی کارە کارگێڕییەکان تەواوبوون و تەنیا واژۆی سەرۆک وەزیران ماوە، چاوەڕواندەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا پارەکە خەرج بکرێت".
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی تورکی و بیانی لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی جوان هەموو یاریگەکان ئامادە بکەن بۆ خولەکە.
ئەندامەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد "زۆر بایەخ بە چیمەنی یاریگە و سیستەمی ئاودان و شوێنی گلدانەوەی ئاو دەدەین لە کاتی نۆژەنکردنەوەی یاریگەکان، ژووری جلگۆڕین و بەشەکانی خزمەتگوزاریش بەشێکی دیکە لە کارەکانی نوێکردنەوەی یاریگەکانن".
لە هەرێمی کوردستان 4 یاریگە یارییەکانی خولی پیشەگەرانی عێراقی تێدا بەڕێوەدەچن کە ئەمانەن: یاریگەی فڕرانسۆ هەریری، یاریگەی سلێمانی، یاریگەی دهۆک، یاریگەی زاخۆ.