ڤیدیۆ؛ ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریگەی خۆیدا دۆڕا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکەم یاریی لەم وەرزەی لالیگادا دۆڕاند، دوای ئەوەی لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی ڤیاریال دۆڕا.
 
یاریی نێوان هەردوو یانە لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی خولەکەدا لە سیڤیتاس میترۆپۆلیتانۆ بەڕێوەچوو، خاوەن یاریگە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕا.
 
لەنیوەی یەکەمدا هەوڵەکانی یاریزانانی هەردوو یانە بۆ تۆمارکردنی گۆڵ سەرکەوتوو نەبوون و بەیەکسانبوون نیوەی یەکەمیان تەواوکرد.
 
لە خولەکی 73 یێرێمی پینۆی یاریزانی 19 ساڵی ئیسپانی گۆڵێکی بۆ یانەی ڤیاریالی میوان تۆمارکرد.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید نزیکبوو لەوەی ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، بەڵام ستوون و گۆڵپارێز رێگریان کرد.
 
لە خولەکی 94 ناهوێل مۆلینا، یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدرید بە کارتی سوور لە یارییەکە کرایە دەرەوە، پاشان دوای تەنیا یەک خولەک جێرارد مۆرینۆ گۆڵی دووەمی یارییەکەی تۆمارکرد و ڤیاریال لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سێ خاڵی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید وەرگرت.
 
ئەمە دووەم بردنەوەی لەسەریەکی ڤیاریالە، یانەکە بە 6 خاڵ پێشەنگی لالیگایە و لە دوو یارییدا 5 گۆڵی کردووە و هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە.