ڤیدیۆ؛ چێڵسی و لوکاکو دەیانەوێت بەبردنەوەی دێربیی لەندەن قۆناخی نوێ دەستپێبکەن


رووداو - دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئێوارە چاوەکان لەسەر یاریگەی ئیمارات دەبن، بۆ بینینی یاریی لووتکەی گەڕی دووەمی پرێمەرلیگ، کاتێک هەردوو یانەی ئارسیناڵ و چێڵسی لە دێربیی لەندەندا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

ئارسیناڵ دوای دۆڕانی لە یەکەم یارییدا بەرامبەر برێنتۆرد، نایەوێت سێ خاڵی دیکەی لەدەستبچێت، بەتایبەت کە لەنێو یاریگە و هاندەرانی یارییدەکات و دەیەوێت ئەو هاندەرانە دڵخۆشبکات کە چەندین مانگە چاوەڕێن لەنێو یاریگەدا خۆشی بۆ بردنەوەی یانەکەیان بگێڕن، بەڵام ئەمە هەرگیز بەرامبەر یانەیەک ئاسان نییە، کە پاڵەوانی ئەوروپایە و یاریی یەکەمیشی بە ئاسانی و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردووەتەوە.

چێڵسی ئێستا یەکێک لە ئامادەترین یانەکانی پرێمەرلیگە و چاوەڕواندەکرێت ئەم وەرزە رکابەرێکی بەهێزبێت بۆ بردنەوەی نازناوی خولەکە، هاندەرانی یانەکەش جگە لە چاوەڕوانیان بۆ بردنەوەی دووەم، چاوەڕێی یەکەم دەرکەوتنی رۆمێلو لوکاکو، ئەستێرەی نوێ دەکەن، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بەرامبەر 115 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە یانەکەوە کرد، بۆ سەرکردایەتیکردنی هێڵی پێشەوە و پڕکردنەوەی بۆشایی تۆمارکردنی گۆڵ.

ئارسیناڵ و میکێل ئارتێتا باش دەزانن گۆشارێکی زۆریان لەسەر دەبێت لە یارییەکەدا، بەڵام هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە ئەو گۆشارانە بەلاوە بنێن و سیناریۆی وەرزی رابردوو دووبارەبکەنەوە، کە دوایین یارییان لە پرێمەرلیگدا لە چێڵسی بردووەتەوە، ئەویان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بوو و ئەمڕۆش لە یاریگەی خۆیاندا یارییدەکەن.

لە ریزەکانی ئارسیناڵ هەریەکە لە ویلیان، ئەلیکساندەر لاکازێت، بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، تۆماس پارتی، گابریێل ماگهالیس، ئیدواردۆ نیکیتا بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن و بڕیاری کۆتاییش لەبارەی بەشداریکردنی پیێر ئێمریک ئۆبامیانگ نەدراوە.

بارودۆخی چێڵسی تەواو پێچەوانەی ئارسیناڵە، سەرجەم یاریزانەکانی بۆ یارییەکە ئامادەن و کریستیان پولیسیچیش کە تووشی کۆرۆنا بووبوو گەڕاوەتەوە نێو پێکهاتەی یانەکە، بەڵام بڕیاری بەشداریکردنی لای توخێلە.

لە مێژووی پرێمەرلیگدا، هەردوو یانەی 58 یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە، 22 یاری لە بەرژەوەندی یانەی ئارسیناڵ کۆتاییهاتووە، 19 جار یانەی چێڵسی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 17 یارییش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتوون.

لە بووڵتەنی کاژێر 14:30ـی هەواڵەکانی وەرزش لە رووداو، سامان وڵاتژێری بە گرافیک چەند زانیارییەکی لەبارەی رووبەڕووبوونەوە لەندەنییەکە خستەڕوو.