لۆپێتێگی: بیر لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ریال مەدرید ناکەمەوە

رووداو دیجیتال

جولێن لۆپێتێگی، راهێنەری یانەی سێڤییای ئیسپانی، دڵخۆشی خۆی بە بردنەوەی نازناوی یۆرۆپالیگ راگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە رابردووی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ریال مەدرید لەبیرکردووەتەوە.

لە یاری کۆتایی یۆرۆپالیگدا، یانەی سێڤییای ئیسپانی 3 - 2 لە ئینتەرمیلانی ئیتالی بردەوە و بۆ جاری شەشەم لە مێژووی خۆیدا نازناوی ئەو پاڵەوانێتییەی بەدەستهێنا.

جولێن لۆپێتێگی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە، بە رۆژنامەڤانانی گوت "زۆر دڵخۆشم، شانازی بە هەموو یاریزانەکانم و دەستەی هونەری و یانەکەمەوە دەکەم، هەروەها هەموو ئەوانەی یارمەتییان داین بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە گەورەیە، ئەم نازناوە بۆ هەمووانە، ئەوانەی زیندوون و ئەوانەی مردوون".

ئەو دووپاتیشیکردەوە "بێگومان زۆر دڵخۆشین بە بردنەوەی نازناوی یۆرۆپالیگ، بەتایبەتیش لەم بارودۆخە سەختەدا، هەروەها دڵخۆشم بەو ئاستەی پێشکەشمان کرد، کە زۆرجار هەڵوێستی زۆر زەحمەتمان رووبەڕوو دەبووەوە، بۆ نموونە لە دوایین 3 یارییدا 3 لێدانی سزا لەدژمان هەژمارکران، شانازی بە یاریزانەکانم دەکەم، ئەوان شایەنی هەموو شتێکن".

راهێنەری سێڤییا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە هەموو راهێنەران بە جددی کار بۆ بردنەوە دەکەن، هەندێجار سەرکەوتوو دەبن و هەندێجاریش ناتوانن بگەنە ئامانجەکانیان، بەڵام کارەکە هەروەک خۆی دەمێنێتەوە و گوتی "خۆشبەختانە ئەمجارە سەرکەوتوو بووین، ئیدی بیر لە رابردوو ناکەمەوە، دوو ساڵی جوانم لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەڕێکرد، ماوەیەکی کورتیش لەگەڵ ریال مەدرید، بەڵام ئەوە بوو بە رابردوو". 

جولێن لۆپێتێگی، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "خۆشبەخت بووم کە سێڤییام دۆزییەوە، سوپاسگوزارم کە دەرفەتی کارکردنیان پێدام و توانیمان تیپێکی بەهێز دروست بکەین".