کێشەی نێوان پاریس و ئێمباپێ گەیشتووەتە سەر ئێسقان

رووداو دیجیتاڵ

کورد گوتەنی گەیشتە سەر ئێسقان، ئیدی کاتی جیابوونەوەی کیلیان ئێمباپێ و پاریس سانجێرمانە.
 
بابەتەکە تەنیا لەوێ نەوەستا کە کیلیان گوتی گرێبەستەکەم نوێ ناکەمەوە، لەبەر ئەوەی تیپەکە ناتوانێت خەونەکانم بەدیبێنێت، من چامپیۆنزلیگ و باڵۆن دۆرم دەوێ، بەڵکو سنوور بەزاندنەکە گەیشتە ئەوەی پاریسییەکان کوڕە بەنازەکەی چەند ساڵی رابردوویان بە خیانەتکار و چاوچنۆکی پارەپەرست نێو ببەن.
 
جاری پێشوو کاتێک پاریس سانجێرمان بە یارمەتی سەرۆکی فەرەنسا و میری قەتەر توانیان ئێمباپێ بە مانەوە لە پاریس رازی بکەن، ئەمجارە ئەو چەکەشیان بەدەستەوە نەماوە و کیلیان تەنیا یەک وەڵامی بۆ هەموو هەوڵەکانی پاریس سانجێرمان هەیە "دەڕۆم یان دەڕۆم".
 
وادیارە کارگێڕیی یانە پاریسییەکە لەو تێگەیشتووە کە کوڕە بەنازەکەی فەرەنسا بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوەی خۆی داوە، بۆیە هێرشی هەڵگەڕاوەی لە دژی ئێمباپێ دەستپێکرد و بڕیاریدا کیلیان لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا بفرۆشێت.
 
کاریگەری ئەم رەوتەی تووڕەبوونی پاریسییەکان بەهێزتر بەدەرکەوت بە دوورخستنەوەی ئێمباپێ لە لیستی تیپەکە بۆ گەشتی هاوینەی ژاپۆن و کۆریای باشوور، کە ئەمڕۆ دەستپێدەکات و تاوەکو 3ـی ئاب بەردەوام دەبێت و یانەکە لەو ماوەیەدا 4 یاریی دۆستانە ئەنجام دەدات.
 
میدیاکانی فەرەنسا باس لەوە دەکەن کە پاریس سانجێرمان بڕیاری کۆتایی داوە بۆ فرۆشتنی ئێمباپێ، و لە 31ـی ئەم مانگەوە ئامادەن پێشوازی لە دەستەوارەی یانەکانی دیکە بکەن بۆ کڕینی ئێمباپێ، چونکە ئەوان رێگە بە ئێمباپێ نادەن ئەمساڵ لە پاریس بمێنێتەوە بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو بەبێ بەرامبەر بچێتە ئەو شوێنەی حەزی لێیە.
 
ئەم دۆخە بە دڵنیاییەوە کێشە دەخاتە نێوان کارگێڕیی و سەرۆکایەتی پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید، چونکە رووگەی ئێمباپێ تەنیا پایتەختی ئیسپانیایە و بەرپرسانی پی ئێس جی پێیانوایە ئێمباپێ و ریال مەدرید لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە یاریزانەکە ئەم وەرزە لە پاریس بمێنێتەوە و ساڵی داهاتوو بەبێ بەرامبەر بچێتە یانەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، بۆیە پاریسییەکان پێیانوایە ئێمباپێ و ریال مەدرید پیلانێکی خیانەتکارانەیان داڕشتووە لە دژی پاریس.
 
هێشتا هیچ گفتووگۆ و راوێژێکی فەرمی لەنێوان ناسر خلێفی سەرۆکی یانە پاریسییەکە و هاوتاکەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەستیپێنەکردووە، بەڵام پاریس سانجێرمان بێگومان هەوڵدەدات بە دوورخستنەوەی ئێمباپێ لە ریال مەدرید گورزێکی کوشندە لە پێرێز و یانەکەی بدات.
 
پاریسییەکان دووپاتیانکردووەتەوە دەستەوارەی یانەکانی دیکەیان بۆ ئێمباپێ پێگەیشتووە، بەڵام بەربەستی بەردەمیان رازیکردنی ئەستێرە فەرەنسییەکەیە بۆ چوونە یانەیەکی دیکەی بێجگە لە ریال مەدرید، کە پێناچێت ئەستێرە تەمەن 24 ساڵییەکە بێجگە لە ریال مەدرید ئامادە بێت درێسی هیچ یانەیەکی دیکە لەبەربکات.
 
لە هەموویشی سەرنجڕاکێشتر، جوڵەی سعودییەکانە، کە بەپێی میدیاکانیان، یانەی هیلال هاتووەتە سەر هێڵ و ئامادەیە دەستەوارەیەکی لە خەیاڵ خەیاڵتر پێشکێشی ئێمباپێ بکات، ئەگەر یاریزانەکە رازی بێت بچێتە خولی سعودی، بەڵام لەوانەیە ئەگەری روودانی ئەمە لە خەیاڵیشدا شوێنی نەبێتەوە.