یانەی زاخۆ سێ خاڵی خۆڕایی وەردەگرێت


رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەمشەو یانەی زاخۆ میوانداریی یانەی سامەرا بکات، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو یانەی سامەرا ئامادەی یارییەکەی ئەمشەو نابن.
 
یوسف موسا پەیامنێری رووداو لە زاخۆ لە میانی بەشداریکردن لە پانۆرامای وەرزشیی کاژێر 16ـی تۆڕی میدیایی رووداودا لەسەر زاری سەرۆکی یانەی زاخۆوە رایگەیاند "بەهۆی ئەوەی کە یانەی سامەرا لە خولی نایابی عێراق دابەزیوە، ناشیانەوێ خەرجیی زۆر بکەن و بێنە زاخۆ، بۆیە ئەمشەو ئامادەی یارییەکەیان بەرامبەر بە زاخۆ نابن.
 
پەیامنێری رووداو گوتیشی: یانەی سامەرا بۆ هەر گەشتێکیان کە بۆ پارێزگای دهۆک و شاری زاخۆ دەیکەن نزیکەی سێ ملیۆن دینار خەرجییان دەوێ، ئەمەش بۆ دارایی یانەکە دەستنادات و بەهۆی ئەوەی کە دابەزیوون بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان یاری ناکەن، هەروەها خەرجیی مانگانەی یاریزانەکانیشیان 50 ملیۆن دینار دەبێت. 
 
بڵدن شەفیق، سەرۆکی یانەی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند: بەپێی زانیارییەکانمان شاندی یانەی سامەرا بەرەو شاری زاخۆ بەڕێنەکەوتوون، زانیویشیمانە کە ئامادەنابن، ئێمە حەزماندەکرد ئەوان بێن و یاری بکەین.
 
بڵند زیاتر باسی یانەکەی کرد و ئامادەیی خۆشیان بۆ یاریی پێشکۆتایی جامی عێراق بەرامبەر کارەبا دەربڕی. 
 
بەپێی یاساکانی فیفا، هەر تیپێک ئامادەی یارییەک نەبێت، دەبێت تیپی ئامادەبوو لە نێو یاریگەبێت، ناوبژیوان بۆ ماوەی 15 خولەک چاوەڕێی یانەکەی دیکە دەکات، ئەگەر ئامادەنەبوون، ئەوا بە ئەنجامی 3-0 بەدۆڕاو هەژماردەکرێن، جیا لەوەش لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی عێراقەوە بە ماددی سزادەدرێن.