مەترسی دەکەوێتە سەر یۆرۆی 2020


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا پاڵپشتی بیرۆکەی بەڕێوەچوونی یاری کۆتایی یۆرۆ لە رۆما دەکات، لە جێگەی لەندەن، بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا لە بەریتانیا.

ماریۆ دراگی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ ئانگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا دەرکەوت و لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا پاڵپشتی بەڕێوەچوونی یاری کۆتایی یۆرۆ لە رۆما دەکات؟ لە وەڵامدا گوتی " بەڵێ، من دژایەتی ئەوە دەکەم یاری کۆتایی لە وڵاتێکدا بکرێت کە رێژەی تووشبووان بەخێرایی تێیدا بەرزببێتەوە ".

قسەکانی دراگی لەکاتێکدان پێشتر مارکۆس زودر، سەرۆکی حکومەتی ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیاش ئامادەیی پێشاندابوو بۆ ئەوەی یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لە میونشن بەڕێوەبچێت.

ویلایەتی باڤاریا دووپاتیدەکاتەوە کە ئامادەن بۆ پێشوازیکردن لە یاریی دیکە و میونشن بۆ هەموو شتێک ئامادەیە.

پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بڕیارییداوە یاری کۆتایی یۆرۆی 2020 لە یاریگەی وێمبڵی لە لەندەن بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا روو لە زیادبوونە، ئەگەری هەیە شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکە بگۆڕدرێت.

هەفتەی رابردوو هەریەکە لە ئانگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ترسی خۆیان لە بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووان بەهۆی ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەکانی یۆرۆدا راگەیاند.

ماکرۆن دەڵێت " ناچارین لەژێر رووشنایی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون لە بەریتانیا، لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە و هەڵبژاردەکان بکەین ".