کچێکی سلێمانی میدالیای عەرەبی لەمل کرا
رووداو هەولێر
هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، بەشداری پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی لە تونس کردووە و ژمارەیەک میدالیای پاڵەوانێتییەکەشیان بردووەتەوە.
یەکەمجارە لە مێژووی وەرزشیی وڵاتانی عەرەب پاڵەوانێتییەکی گۆڕەپان و مەیدانی تایبەت بە یاریزانانی خوار تەمەن 23 ساڵ ساز دەکرێت، کێبرکێکان لە شاری حەمامات لە تونس، لەنێو یاریگەی زانکۆی رادیس بە بەشداری 17 وڵات بەردەوامن.
شاندی عێراق لە 30 کەس پێکهاتوون و هەریەک لە زەردەشت رەفیق راهێنەری کورد لەگەڵ کوردستان بەمۆ، دییە نزار و دێرین بەختیار سێ کچە یاریزانی کوردن لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق کە بەشداری پاڵەوانێتیی عەرەبیان کردووە.
یارییەکان دوو رۆژە دەستیان پێکردووە، کوردستان بەمۆ لە راکردنی 100 مەتری بەربەست توانی میدالیای زیوی بباتەوە، بڕیارە سبەی ئەم کچە یاریزانە کوردە کە خەڵکی سلێمانییە بەشداری راکردنی 400 مەتری پۆستەی بەربەست و 100 مەتری بەربەست بکات.
دییە نزار، لە راکردنی 100 مەتر لە پلەی پێنجەم هات، بڕیارە سبەی بەشداری راکردنی 400 مەتری بەربەستی پۆستە و 200 مەتر بکات.
دێرین بەختیار لە راکردنی 100 مەتر بەربەست میدالیای بڕۆنزی عەرەبی لە مل کرا، سبەی بەشداری 400 مەتری بەربەستی پۆستە دەکات.
زەردەشت رەفیق، راهێنەری هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق لە تونسەوە بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند "زۆر دڵخۆشم بەئاستبەرزی کچە یاریزانانەکانم و دڵنیام هێشتا دەتوانین میدالیای زیاتر ببەینەوە، لەبەرئەوەی ئامادەکارییەکانمان زۆر باشە".
هەڵبژاردەی عێراق دوای دوو رۆژ لە یارییەکانی پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی وڵاتانی عەرەب خاوەنی 2 میدالیای زیو و 3 میدالیای بڕۆنزە.
بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی عەرەبی ئەنجامی وڵاتانی بەشدار لە رووی بردنەوەی میدالیا بەمشێوەیە:
1 - مەغریب 7 میدالیای زێڕ
2 - میسر 5 میدالیای زێڕ
3 - تونس 3 میدالیای زێڕ