دیماریا: ئەو رۆژە دێت کە ئێمباپێ یاری بۆ ریال مەدرید بکات

رووداو دیجیتاڵ

ئانخێل دیماریا، یاریزانی ئەرجەنتینی، دووپاتیکردەوە کە کیلیان ئێمباپێ بڕیارێکی باش و دروستی داوە بە مانەوە لە پاریس سانجێرمان، گوتیشی "کیلیان هێشتا گەنجە و ئەو رۆژەش دێت کە یاری بۆ ریال مەدرید بکات".
 
ئانخێل دیماریا، کە دوای یاریی پاریس سانجێرمان و میتز ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەی پاریسی کرد، پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکەی ئێمباپێی هاوڕێی نیشاندا، کە بۆ ماوەی 3 ساڵ گرێبەستەکەی نوێکرردەوە و گوتی "ئێمباپێ بڕیارێکی گرنگی داوە و پێموایە بڕیارێکی دروست بوو".
 
ئەو دووپاتیشیکردەوە "کیلیان هێشتا گەنجە و کاتی ئەوەش دێت کە بچێتە ریزەکانی ریال مەدرید و لەو شوێنە یاری بکات کە دەیەوێت. ئەو گرێبەستێکی 3 ساڵی واژوو کردووە و ئەوکات تەمەنی هێشتا 26 ساڵ دەبێت".
 
یاریزانە ئەرجەنتینییەکە، کە 7 ساڵ یاری بۆ پاریس سانجێرمان کرد، زیاتر باسی ئیمباپێی کرد و گوتی "هێشتا کاتێکی زۆری لەپێشە، ئەو کوڕێکە حەزدەکات مێژوو دروستبکات، ئەو لێرە بەردەوام دەبێت لە تۆمارکردنی مێژوو".
 
دیماریا سەبارەت بەوەی کە ئایا دەیزانی ئیمباپێ دەمێنێتەوە یان نا؟ گوتی "هیچ شتێکم لەبارەی مانەوە و نوێکردنەوەی گرێبەستی ئێمباپێ نەدەزانی، بەڵام هەندێک ئاماژەی بچووک هەبوون، هەستمدەکرد دەمێنێتەوە".

 

دیماریا لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینیشی کرد و جارێکی دیکە بە باشترین یاریزانی جیهان وەسفی کردەوە و  گوتی "لیۆنێل باشترینی جیهانە".
 
ئەو گوتیشی "بە مێسی و نەیمارم گوتووە، وەرزی داهاتوو درێسی ژمارە 11ـەی من بۆ نەیمارە و درێسی ژمارە 10 دەبێت بۆ باشترین یاریزانی جیهان بێت، وابزانم ئەوە روودەدات و مێسی وەرزی داهاتوو بە درێسی ژمارە 10 یاری دەکات".