سەرەکیترین بەربژێرانی بردنەوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە میدیاییەکان ئاشکرایانکردووە، ئەمساڵ پێنج یاریزان بەربژێرن بۆ بەدەستهێنانی نازناوی باڵۆن دۆر و شوێنگرتنەوەی لیۆنێل مێسی کە ساڵی رابردوو خەڵاتەکەی بەدەستهێنا. لە کاتێکدا چەندین ئەستێرەی درەوشاوەی ئەمساڵ لە یاریگەکانی تۆپی پێدا، ناویان وەک بەربژێری سەرەکی نەهێنراوە، لەوانەش فلۆریان فێرتزی، بەهرەمەندی یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی و ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەری باڵی ریال مەدرید.
رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگ، یۆرۆی 2024 و کۆپا ئەمێریکای 2024 رۆڵی کاریگەریان دەبێت لە دیاریکردنی براوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ.
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، دیارترین بەربژێری ئێستای بەدەستهێنانی باڵۆن دۆری ئەمساڵ پێکهاتوون لە چەندین یاریزان.
ئێرلینگ هالاند
هالاند وەرزی رابردوو رکابەری سەرەکیی مێسی بوو لەسەر بردنەوەی خەڵاتەکە، لە وەرزەکەدا 52 گۆڵی تۆمارکرد، ئەمە جیا لەبەدەستهێنانی سیانەی مێژوویی چامپیۆنزلیگ، ئێف ئەی کەپ و پرێمەرلیگ لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی.
ئەمساڵ هالاند هاوشێوەی وەرزی رابردوو دۆخی باش نییە، مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ دەرکراوە و هەڵبژاردەی نەرویجیش نەگەیشتووە یۆرۆی 2024.
هەرچەندە هالاند هێشتا گۆڵکەری ئەمساڵی پرێمەرلیگە و لەگەڵ کۆڵ پاڵمەردا هەریەکەیان خاوەنی 20 گۆڵن، بەڵام پاشەکشەی ئاشکرای ئاستی ئەو یاریزانە و دەرنەکەوتنی لە یارییە گەورەکاندا، ئەویان رووبەڕووی رەخنەی زۆر کردووە و چانسی بەدەستهێنانی باڵۆن دۆریشیان کەمکردووەتەوە.
فیل فۆدن..
فۆدن ئەمساڵ لەگەڵ مانچێستەر سیتی ئاستێکی ناوازە پێشاندەدات، 14 گۆڵی تۆمارکردووە و خاوەنی حەوت ئەسیستە. فودن رۆڵی هەیە لە سەرکەوتنی مانچێستەر سیتی بۆ پێشەنگی پرێمەرلیگ و یانەکە نزیکە لەوەی جارێکی دیکە نازناوەکە لای خۆی بهێڵێتەوە.
ئەگەرچی فۆدن لەگەڵ سیتیدا ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کردووە، بەڵام ئەو یاریزانە هەوڵدەدات هاوکاریی تیپەکەی بکات بۆ بەدەستهێنانی دووانەی ئێف ئەی کەپ و پرێمەرلیگ. هەروەها هەلێکی گەورەی لەبەردەمدایە بەبوونی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، وەک بەربژێرێکی بەهێزی بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆی 2024.
کیلیان ئێمباپێ..
ماوەیەکی زۆرە کیلیان ئێمباپێ بەمیراتگری مێسی و رۆناڵدۆ ناودەبرێت. ئەو یاریزانە رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبوو لەسەرکەوتنی تیپەکەی بۆ قۆناخی نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەتۆمارکردنی دوو گۆڵ لە بارسێلۆنا لە یاریی گەڕانەوە لەسەر یاریگە مۆنتوجویک، یارییەکە لە بەرژەوەندی سانجێرمان 4 - 1 کۆتاییهات.
ئێمباپێ بەسێیەم بەهێزترین بەربژێر دادەنرێت بۆ بەدەستهێنانی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، بەڵام دەکرێ چانسی زۆر بەرەو سەر بچێت، ئەگەر هەڵبژاردەی فەرەنسا لەگەڵ ئەودا نازناوی یۆرۆ لە ئەڵمانیا بەدەستبهێنێت، یان ئەو یاریزانە لە پاڵەوانێتییەکەدا ئاستێکی نموونەیی پێشان بدات.
هاری کەین..
کەین ئاستێکی نایابی تاکەکەسی پێشکێشدەکات لەگەڵ بایرن میونشن، ئەو یاریزانە 40 گۆڵ و 13 ئەسیستی هەبووە لە وەرزی ئەمساڵدا لە کۆی 41 یاریی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان.
یاریزانە تەمەن 30 ساڵییەکە، گۆڵکەری هەر پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپایە، ئەگەر پارێزگاری لە هەمان ئاست بکات، بەتایبەت لە چامپیۆنزلیگدا یانەکەی بگەیەنێتە یاریی کۆتایی، دەکرێ بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی باڵۆن دۆر بباتەوە.
هاری کەین هاوینی ئەمساڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بەشداری لە یۆرۆدا دەکات.
جود بێلینگهام
بێلی بەهێزترین بەربژێرە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر، ئەو یاریزانە لەگەڵ ریال مەدرید ئاستێکی ناوازەی هەیە، 36 یاریی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان ئەنجامداوە، خاوەنی 21 گۆڵ و 12 ئەسیستە.
بیلی لە دوایین کلاسیکۆدا گۆڵی بردنەوەی تۆمارکرد و ئەوەش جارێکی دیکە سەرنجی دەنگدەرانی بردەوە سەر ئەو یاریزانە لاوە.
بێلینگهام ئەگەر پێشەوایەتیی ریال مەدرید بکات بۆ بردنەوەی نازناوی پانزەی چامپیۆنزلیگ لە وەرزی ئەمساڵدا، ئیدی بەبەهێزترین بەربژێری بردنەوەی خەڵاتەکە دەمێنێتەوە. ئەگەر لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەراش لە یۆرۆدا ئەنجامەکانی ناوازەبن، چانسی بەدەستهێنانی باڵۆن دۆری زیاتر و زیاتر دەبن.