بەرازیل ئامادەیە یارییەکی دۆستانە بەرامبەر عێراق بکات

رووداو دیجیتاڵ

 

سێ یاریزانی پیشەگەری عێراقی لە ئەوروپا، رەزامەندی خۆیان بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە مۆندیالی لاوانی تەمەن خوار 20 ساڵان راگەیاند، کە بڕیارە مانگی ئایاری داهاتوو لە ئیندۆنیزیا بەڕێوەبچێت. هەڵبژاردەی لاوانی بەرازیلیش ئامادەیە یارییەکی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بکات.
 
سەرچاوەیەکی نزیک له ستافی تەکنیکی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، رایگەیاند "زیدان ئیقبال، یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، رازیبوونی خۆی بۆ یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق له مۆندیال نیشاندا، چونکه تەمەنی ئەو رێگەی پێدەدات بەشداری له مۆندیالی لاواندا بکات".
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەلێکساندەر ئوراها، یاریزانی بەڕەچەڵەک عێراقیی پیشەگەر لە ریزەکانی یانەی کوینز پارک رێنجەرزی ئینگلیزی، رەزامەندی خۆی بۆ یاریکردن لە مۆندیالدا راگەیاندووە، هەروەها ئالای فازلی یاریزانی کورد، کە پیشەگەرە لە سوێد، ئامادەیە بۆ بەشداریکردن.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کردووە، هەڵبژاردەی لاوانی بەرازیلی پێش دەستپێکردنی مۆندیال رەزامەندی نیشانداوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە یارییەکی دۆستانەدا، پەیوەندییەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی وادە و شوێنی کۆبوونەوەکە.
 
هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بەم داواییانە پلەی دووەمی لە پاڵەوانێتی جامی لاوانی ئاسیادا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە ئەنجامی 1-0 بە ئۆزباکستان  دۆڕا، بەڵام بلیتێکی سەرکەوتن بۆ مۆندیالی لاوان لە ئیندۆنیزیا بەدەستهێنا.