رۆبێرتۆ کارلۆس لەبارەی یاریی پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید وەڵامی رووداو دەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆبێرتۆ کارلۆس، ئەستێرەی تۆپی پێی بەرازیل و باڵیۆزی یانەی ریال مەدرید و پاتریک کلۆیڤێرت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئامانجی سەردانەکەیان بۆ هەولێر روونکردەوە و دڵخۆشیی خۆیان بە هاتنیان بۆ هەولێر پێشاندا.
رۆبێرتۆ کارلۆس لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی " هەڵسوکەوتی خەڵکی هەولێر زۆر گونجاوە و سەرسامی کردم، دڵخۆشم بەوەی کە لێرەم، کەلتوری جیاواز و خەڵکی جیاواز ببیننم."
رۆبێرتۆ کارلۆس لە پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا وەک باڵیۆزی یانەی ریال مەدرید، چ زانیارییەکی لەبارەی هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئێمباپێ هەیە؟ ئەو یاریزانەی پێشووی ریال مەدرید گوتی " ئێمباپێ هێشتا گرێبەستی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هەیە، بۆیە ناتوانم لەم بارەیەوە قسەبکەم."
لەبارەی یارییەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمانیش لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ کارلۆس بە رووداوی گوت " یارییەکە بەڕاستی یارییەکی گەورە دەبێت، بۆیە تەماشای بکەن و چێژی لێ ببینن، بەڵام ئەو مێژوویەی ریال مەدرید هەیەتی، وادەکات بەرپرسیارەتییەکەی زیاتر بێت."
کارلۆس لەبارەی تۆپی پێی ئاسیاوە قسەیکرد و گوتی " تۆپی پێی ئاسیا لە گەشەسەندایە، ئاستی تیم و یاریزانەکان باشتر بوون و دڵنیام بەرەو پێشتر دەچێت ئەگەر گرنگی بە گەشەپێدانی لاوەکان بدەن."
لەلایەن خۆیەوە پاتریک کلۆیڤێرت، ئەستێرەی پێشووی هۆڵەندا بە رۆژنامەڤانانی گوت " قورسە باسی وڵاتێک و شوێنێک بکەین کە پێشتر نەماندیوە، بێگومان وڵاتێکی جوانە، لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە کە خەڵکەکەی زۆر باش و چالاکن."
کلۆیڤێرت باس لە رۆیشتنی لیۆنێل مێسی لە بارسێلۆنا و بارودۆخی یانەی بارسێلۆنا دەکات و دەڵێت " پێموایە لەدوای رۆیشتنی مێسی بارسێلۆنا پێویستی بە رێکخستنەوە ھەبوو، بە ستایلی جیاواز بەڵام بەھەمان سیستمی بارسێلۆنا، کە چاڤی ھات شتەکانی رێکخستەوە و ئێستا لەسەر رێگەی راستە، بەتایبەت بینیمان چ ئاستێکیان ھەبوو بەرامبەر ڤالێنسیا، ئێمە دەبێت ئەوە بزانین کە چاڤی پێویستی بە کات ھەیە.
هەریەکە لە رۆبێرتۆ کارلۆس، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی بەرازیل و یانەی ریال مەدرید، پاتریک کلۆیڤێرت، ئەستێرەی پێشووی هۆڵەندا و یانەی بارسێلۆنا گەیشتنە هەولێر.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەردوو یاریزانەکە لە رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، بۆ یەکەمجار گەیشتنە باشووری کوردستان و لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێرەوە پێشوازیان لێکرا.
هاتنی کارلۆس و کلۆیڤێرت، لەسەر ئەرکی کۆمپانیای کۆڕەک تیلکۆمە و ئامانج لێی بەشداریکردنە لە پڕۆژەی کاپتن کۆڕەک، کە لەو چوارچێوەیەدا یارییەکی دۆستانەش لە یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامدەدەن.