رووداو دیجیتاڵ
کریستینا سێرا، هاوژینی پێشووی پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی، کە بەمدواییە لێکجیابوونەوە، بێدەنگی خۆی شکاند و بۆ یەکەمجار نهێنییەکانی جیابوونەوەی لەناکاوی لە راهێنەری مانچێستەر سیتی ئاشکراکرد، دوای ئەوەی هاوژینایەتییەکەیان نزیکەی سێ دەیە بەردەوام بوو.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی یەکەمین رۆژنامە بوو کە هەواڵی جیابوونەوەی گواردیۆلا و کریستینا هەفتەیەک پێش ئێستا بڵاوکردەوە، لەکاتێکدا ئەو هەواڵە بۆ زۆر لە فۆڵۆوەرسەکانی جێگەی سەرسوڕمان بوو، بەتایبەتی کە ئەو دوو هاوژینە رێککەوتبوون لەسەر ئەوەی باسی پەیوەندی تایبەتی خۆیان نەکەن، و داوایان لە کەسانی نزیک لە خۆیان کرد بۆ ئەوەی بابەتەکە ئاشکرا نەکەن.
لە بەرامبەردا پێپ گواردیۆلا هیچ لێدوانێکی لەبارەی جیابوونەوەی لە کریستینا سێرا نەدا دوای ئەوەی ماوەی 30 ساڵیان بەیەکەوە بەسەربرد و لەو ماوەیەدا 3 منداڵیان بوو، کە گەورەترینیان سۆفیایە، کە تەمەنی 24 ساڵە.
لە بەرامبەردا کریستینا، خانمە بازرگانەکەی ئێستا و مۆدێلی پێشوو، یەکەم لێدوانی خۆی دوای جیابوونەوەکە داوە، بەپێی ئەوەی رۆژنامەی سەنی بەریتانی باسی کردووە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کریستینا سێرا زۆر دڵخۆش دەرکەوتووە، چونکە بەتەنیا لە بارسێلۆنا بازاڕی کردووە، ئەمەش دوای هەفتەیەک لە دەرکەوتنی هەواڵی جیابوونەوەی لەناکاوی ئەو دوو هاوژینە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوژینی پێشووی راهێنەری مانچێستەر سیتی زەردەخەنەی کردووە کاتێک دوو خانمە پەیامنێری ئیسپانی لە ناوەندی شارەکەدا لێی نزیکبوونەتەوە، کە بە پانتۆڵێکی خۆڵەمێشی و جانتایەکی دەستی زۆر نایابەوە کە بەسەر شانی چەپیدا هەڵواسیوە، زۆر جوان دەرکەوتووە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە هەستی چۆنە؟ کریستینا لە وەڵامدا بە ئینگلیزی گوتوویەتی "هەستێکی نایاب، سوپاس". هەروەها کاتێک دووبارە پرسیاریان لێکردووەتەوە دەربارەی باری دەروونی دوای جیابوونەوەکە؟ گوتوویەتی "هەموو شتێک باشە".
لەبەرامبەردا ئەو خانمە بازرگانە رەتیکردەوە وەڵام بداتەوە و بێدەنگی هەڵبژارد کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەو قسە و باسانەی کە هۆکاری جیابوونەوەیان پەیوەندی بە بڕیارەکەی پیپەوە هەیە بۆ مانەوە لە مانچستەر و واژۆکردنی گرێبەستی دوو ساڵ لەگەڵ یانەکەی.
لۆرینا ڤاسکێز و لۆرا فا، دوو لە دیارترین خانمە رۆژنامەنووسانی ئیسپانیا، هەفتەیەک لەمەوبەر جیابوونەوەی ئەو دوو هاوژینەیان ئاشکراکرد، ئەوەشیان پشتڕاستکردەوە کە کریستینا بڕیاری جیابوونەوەی داوە دوای ئەوەی زانیویەتی پێپ بیرۆکەکەی گۆڕیوە سەبارەت بەجێهێشتنی بەریتانیا و تاوەکو ساڵی 2027 لە راهێنەرایەتی مان سیتی بەردەوام دەبێت.
خانمە تەمەن 52 ساڵەکە، لە ساڵی 2019ـەوە لەگەڵ کچە بچووکەکەیان ڤالێنتینا، کە ئێستا تەمەنی 17 ساڵە لە بارسێلۆنا دەژی، ئاماژەی بەوەکردووە، هەستێکی نایابی هەیە و ئێستا سەرنجی لەسەر کار و پڕۆژەکانییەتی.
بەگوێرەی رۆژنامە بەریتانییەکە، هاوژینی پێشووی راهێنەری مانچێستەر سیتی رەتیکردووەتەوە قووڵتر بچێتە ناو هۆکارەکانی جیابوونەوەکە و گووتوویەتی "سوپاس، هەستێکی نایابم هەیە" پێش ئەوەی زۆر بەڕێزەوە کۆتایی بە گفتوگۆکە بهێنێت کاتێک چووەتە ناو دوکانێکی جلوبەرگەوە.
رۆژنامەنووس لۆرینا ڤاسکێز هەفتەی رابردوو دوای راگەیاندنی هەواڵی جیابوونەوەکە پشتڕاستی کردەوە "دوای ئەوەی کریستینا لە ساڵی 2019 لە مانچێستەرەوە گەڕایەوە بارسێلۆنا بۆ ئەوەی سەرنجی لەسەر کارەکانی بێت، پەیوەندییەکەی لەگەڵ گواردیۆلا بەرەو گرژبوون چوون و یەکەم دەنگۆی تێکچوونی ئەو پەیوەندییانە بڵاوبووەوە، بەڵام کەس نەیدەوێرا قسە بکات و تەنانەت کەس لەو بڕوایەدا نەبوو ئەوانە دوای 30 ساڵ پیکەوە ژیان بڕیاری جیابوونەوە بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ