رووداو هەولێر
بەسەرپەرشتی یەکێتیی باسکەی عێراق، بڕیارە سبەی پێنچشەممە یارییەکانی خولی یانە پلەیەکەکانی عێراق لە هۆڵی یانەی ئەکاد عەنکاوە دەستپێبکەن.
یارییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولەکە بە بەشداری 10 یانە بەڕێوەدەچن، تیپەکان بەپێی سنووری جوگرافی بەسەر پێنج کۆمەڵەدا دابەشکراون، ئەوەی تایبەت بێت بە تیپەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵەی دووەم هەریەک لە یانەکانی دهۆک، سابیس، ئەکاد عەنکاوە و ئاسۆ رکابەری یەکدی دەکەن.
عەبدلخالق عەبدولقادر، سەرۆکی یەکێتیی باسکەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئامادەکارییەکی زۆرمان کردووە و بۆ ئێمە گرنگە ژمارەی یانەکانمان وەک هەرێمی کوردستان لە خولی نایابی عێراق بۆ وەرزی داهاتوو زیاد بکەین".
وەرزی ئەمساڵ لە خولی یانە پلە نایابەکانی باسکەی عێراق، هەریەک لە یانەکانی زاخۆ و غازی شیمال دوو تیپی کوردی بەشداری خولەکەن.
نەوشیروان رۆستەم، جێگری سەرۆکی یانەی سابیس، لەبارەی ئامادەکارییان بۆ خولەکە گوتی "ئێمە ناوێکی نوێین لەسەر ئاستی وەرزشی کوردستان و عێراق، بەڵام بەپێکهاتەیەکی بەهێز بەشداریی یارییەکان دەکەین، چاوەڕوانیمان گەیشتنە بە خولی یانە نایابەکانی عێراق".
یارییەکانی رۆژی یەکەمی خولەکە بەمشێوەیە:
دهۆک - سابیس
ئەکاد عەنکاوە - ئاسۆ
دوای تەواوبوونی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان، لە هەر کۆمەڵەیەک دوو یانە سەردەکەون بۆ قۆناخی کۆتایی و یەکێتیی باسکەی عێراق لەگەڵ یانەکان کۆبوونەوە ئەنجامدەدات، ئەوکات بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت یارییەکان بەشێوازی خول بن یانە گردبوونەوە، بۆ ئەوەی دوو یانە سەربکەون بۆ خولی نایابی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ