بۆرووسیا دۆرتموند، نوری شاهینی دەرکرد

22-01-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نوری شاهین بۆرووسیا دۆرتمۆند
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، دوای دۆڕانێکی شۆکهێنەر و چاوەڕواننەکراو بەرامبەر یانەی بۆلۆنیای ئیتاڵی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا، دوورخستنەوەی نوری شاهینی راهێنەری تیپەکەی راگەیاند.
 
بۆرووسیا دۆرتموند لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە وەرزشییەکانی ئەم دواییەی یانەکەمان، بڕیاردارا بەدوورخستنەوەی نوری شاهینی راهێنەر لە پۆستەکەی.
 
پێشتریش چەندین دەزگای راگەیاندنی ئەڵمانیا ئەم هەواڵەیان بڵاوکردەوە، بەڵام یانەکە ئەمڕۆ بەفەرمی دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی دووپاتکردەوە.
 
دوێنێ سێشەممە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا دۆرتموند بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە بۆلۆنیا دۆڕا و بووە چوارەن دۆڕان لەسەریەک لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا.
 
پێش ئەم یارییە دۆرتموند بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە ئێنتراخت فرانکفورت دۆڕا و سێیەم دۆڕانی لەسەریەک لە بۆندسلیگادا تووشی بوو، کە ئێستا تیپەکە بەکۆکردنەوەی 25 خاڵ پلەی دەیەمی ریزبەندی بوندێسلیگای گرتووە و بە 7 خاڵ لە چوار پلەی یەکەمەوە دوورە و بە 20 خاڵ لە دوای بایرن میونشنی پێشەنگەوەیە.
 
نوری شاهین دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر بۆلۆنیا دانی بەوەدا نا کە تیپەکەی متمانەی لەدەستداوە، بەڵام رۆیشتنی خۆی رانەگەیاند و گوتی "کۆدەبینەوە با بزانین چی دەبێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە