ئەستێرەیەکی دیکەی پرێمەرلیگ نزیکە بچێتە سعودیە

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆیشتنی بە لێشاوی ئەستێرەکان بۆ خولی رۆشنی سعودی بەردەوامە و ئەستێرەیەکی دیکەی پرێمەرلیگ نزیکە پەیوەندی بەو خولەوە بکات. 
 
گرێبەستە خەیاڵییەکانی یانە سعودییەکان وایکردووە چەندین ئەستێرەی دیار و بەنێوبانگی ئەوروپا بچنە ئەو وڵاتە، لە ماوەی رابردوودا هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، نەیمار، کەریم بنزیما و چەندین ئەستێرەی دیکە چوونەتە سعودیە و بەسەر یانەکانی خولەکەدا دابەشبوونە.
 
لە ماوەی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی پێویستە لەم بازاڕی گواستنەوەیەدا چەند یاریزانێكی بفرۆشێت بۆ ئەوەی خۆی لە شکاندنی یاساکانی یاریی خاوێن بپارێزێت. بە گوتەی رۆژنامەڤان بێن جەیکەبس، یانەی شەبابی سعودی هاتووەتە سەر هێڵ و دەیەوێت میگێل ئالمیرۆن، ئەستێرە پاراگوایی و یاریزانی یانە ئینگلیزییەکە بگوازێتەوە ریزەکانی. 
 
رۆژنامەڤانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە گرێبەستەکە تاوەکو ئێستا تەواونەبووە، بەڵام هەردوو یانە گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی پێشوەختە و ئەستێرە پاراگواییەکەش رازی بووە پەیوەندی بە یانەی شەبابەوە بکات. 
 
ئالمیرۆنی 29 ساڵ، گرێبەستەکەی لەگەڵ نیوکاسڵ تاوەکو ساڵی 2026ـە و بەهای ئەو یاریزانە بە 30 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت، لەم وەرزەدا بەشداری لە 31 یاری کردووە پێنج گۆڵ و دوو ئاسیستی هەیە. 
 
هەوڵەکانی یانەی شەباب، بۆ گواستنەوەی ئالمیرۆن لەکاتێکدایە، یانەکە بەفەرمی دەستبەرداری ئیڤێر بانێگا بووە و لە ماوەی رابردووشدا گرێبەستی لەگەڵ یانیک کاراسکۆ، یاریزانی بەلجیکی و یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید واژۆکردووە و دەیەوێت رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بکات.