پەیامێکی چاوەڕواننەکراوی ئالمێریا لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ
 
کاردانەوەکانی دوای یارییەکەی ریال مەدرید و ئالمێریا بەردەوامن و دوای ئەوەی بەشێکی زۆری هاندەران رەخنەی تووندیان لە ناوبژیوانانی یارییەکە گرت، یانەی ئالمێریاش دێتە دەنگ و تووڕەیی و ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕێت.
 
لە گەڕی 21ـی لالیگا، یانەی ئالمێریا بووە میوانی ریال مەدرید، لە گێمی یەکەمدا دوو گۆڵی لە یانەی شاهانە تۆمارکرد و خەریکبوو یەکەم سەرکەوتنی ئەم وەرزەی بەدەستبهێنێت. 
 
لە خولەکی 53 لە بڕیارێکی مشتومڕ هەڵگردا ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ ریال مەدرید هەژمارکرد و بێلینگهام گۆڵی یەکەمی یانەکەی تۆمارکرد.
 
دواتر لە خولەکی 61 ئالمێریا گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ڤار، ناوبژیوان بە بیانوی فاوڵ گۆڵەکەی رەتکردەوە. شەش خولەک دوای ئەو رووداوە، ڤینیسیۆس جونیۆر گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یانەی شاهانە تۆمارکرد و ناوبژیوان بەبیانووی ئەوەی تۆپەکە بەر دەستی کەوتووە، راستەوخۆ گۆڵەکەی رەتکردەوە، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ڤار، گۆڵەکەی هەژمارکرد. 
 
ئەو بڕیارانە دەنگدانەوەیەکی زۆری درووستکرد و وایکرد ناوبژیوانانی یارییەکە لەلایەن بەشێکی زۆری بینەرانەوە رەخنەباران بکرێن. یانەی ئالمێریاش تووڕەیی و ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بڕیارەکانی ناوبژیوان دەردەبڕێت و لە پەڕەی فەرمی خۆی پۆستێک دەکات و دەڵێت "چاوەڕێ مەکەن راپۆرتی یارییەکە بڵاوبکەینەوە، هەموو شتێک روون و و ئاشکرایە."
 
هەژماری فەرمی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لە تۆڕی کۆمەڵاەیاتی "ئێکس" تۆمارە دەنگییەکان و ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکردەوە کە لەلایەن ڤارەوە بە ناوبژیوانی یارییەکە پێشاندراوە کە وایکردووە بڕیارەکەی بگۆڕێت و گۆڵەکەی ڤینیسۆس هەژماربکات، پەڕەی فەرمی ئالمێریاش لە وەڵامی ئەو پۆستەدا دەڵێت "بۆچی ناوبژیوان ئەو گۆشانەی دیکەشی پێ پێشان نەدراوە کە ئێمە لە تەلەڤزیۆن دەمانتوانی بیبینین؟"،  ئەمە جگە لەوەی یانە ئیسپانییەکە پۆستێکی کردووە و تێیدا دەڵێت "دەسکاریکردنی ڤیدیۆکان بۆ ئەمڕۆ بەسە."