راگەیێنراوی ناسڕ خلێفی لەبارەی سوپەرلیگەکەی پێرێزەوە

 

رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دژایەتیی خۆی بۆ بیرۆکەی ئەنجامدانی سوپەرلیگ دووپاتکردەوە، دوای ئەوەی دادگای دادی ئەوروپا بڕیارییدا کە سوپەرلیگ ناحەقیی بەرامبەر کراوە کە رێگەنەدرا ئەنجامبدرێت.
 
پاریس سانجێرمان هاوشێوەی بەشی هەرە زۆری یانە گەورەکانی ئەوروپا لە دژی پڕۆژەکەیە و لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "پاریس سانجێرمان بەشێوەیەکی یەکجارەکی و بەشێوەیەکی تەواو هەموو پڕۆژەیەک لەسەر ناوی سوپەرلیگ رەتدەکاتەوە، لە رۆژی یەکەمەوە ئەمە هەڵوێستی ئێمە بووە و هەرواش دەمێنێتەوە."
 
یانە فەرەنسییەکە زیاتر نووسیوویەتی " وەکو دامەزراوەیەکی ئەوروپی کە جێگەی شانازییە، پاریس سانجێرمان پاڵپشتیی بنەماکانی وەرزشی ئەوروپا دەکات، ئێمە کار لەگەڵ هەموو بەرژەوەندییە دانپێدانراوەکانی تۆپی پێی ئەروپا دەکەین، بەتایبەت لەرووی هاندەران و یاریزانانەوە ئەوانەی لە دڵی تۆپی پێدان."
 
راگەیێنراوی یانەی پاریس سانجێرمان لە دژی بەڕێوەچوونی سوپەرلیگ لەکاتێکدایە، هەموو یانەکانی لالیگا، جگە لە ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە دژی پڕۆژەکەن، یانەکانی ئیتاڵیا و پرێمەرلیگیش بەهەمان شێوە دژایەتی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پاڵەوانێتییە راگەیاندووە.
 
ئەمڕۆ 21ـی مانگی 12 دادگای ئەوروپا دانیشتنی خۆی لەو بارەیەوە کرد و باسی لەوەکرد کە رێگریکردن لە سوپەرلیگ کارێکی نایاسایی بووە و دەڵێت "فیفا و یۆفا بە رێگریکردن لە دروستبوونی پاڵەوانێتییەکی وەك سوپەرلیگ پێشێلی یاساکانی ئەوروپای کردووە، ئەوان لە دژی یاساکانی پاڵەوانێتی لە ئەوروپا و ئازادی لە پێشکێشکردنی خزمەت بە تۆپی پێ بڕیاریان داوە".