لە ئێن بی ئەی لۆس ئانجلۆس و میامی بردنەوەیان بەدەستهێنا

رووداو - هەولێر

لە خولی ئێن بی ئەیدا تیمی لۆس ئانجلۆس کلیپەرز بردنەوەیەکی گرنگی بەسەر تیمی دالاس ماڤریکسدا بەدەستهێنا.

کلیپەرز لە دوای چوار یاری لە نێو یاریگا و هاندەرانیدا یەکەم یاری بردەوە و بە جیاوازی تەنیا چوار خاڵ شکستی بە دالاس هێنا، ئەنجامی یارییەکەش 125 خاڵ بەرامبەر بە 121 خاڵ بوو.

ئەستێرەی یارییەکەش لوکا دۆنکیچ بوو کە زیاتر لە چوار جار تۆپی لە دەستی رکابەرەکانیدا پچراند و چەند تۆپێکی یەکلاکەرەوەشی بە هاوڕێکانیدا و 32 خاڵیشی تۆمارکرد، هاوکات بووە یەکەم یاریزانی سلۆڤینی کە زۆرترین خاڵ لە یەکەم وەرزیدا لە خولی باسکەی ئەمریکا تۆماربکات.

سەڵاح میجری میسریش کە یەکەم یاریزانە لە خولی ئێن بی ئەی یاریدەکات لە یارییەکەدا پێنج خاڵی تۆمارکرد، درێژی ئەو یاریزانەش 218 سانتیمەترە.

لە یارییەکی دیکەدا و لە ئەنجامیێكی چاوەڕواننەکراودا تیمی میامی هیت، بردنەوەی بەسەر تیمی هیوستن رۆکێتسدا بەدەستهێنا.

رۆکێتس دوای پێنج بردنەوەی لەسەریەک، لەسەر دەستی میامی تووشی شکستبوو، دوای رکابەرییەکی بەهێز لە نێوانیاندا، ئەنجامی یارییەکەش 101 خاڵ بەرامبەر بە 99 خاڵ بوو، سەرەڕای ئەوەی کریس پۆلی ئەستێرەی میامی لە یارییەکەدا تووشی پێکانبوو و لە یارییەکەدا چووە دەرەوە.

لە یارییەکەشدا ئەستێرەی هیوستن جەیمس هاردن چەند جارێک سێ خاڵی تۆمارکرد و لە خولەکەدا هیچ یاریزانێک هێندەی هاردن سێ خاڵیی لە یارییەکاندا تۆمارنەکردووە، لە یارییەکەشدا دواین وایدی یاریزانی میامی بووە باشترین یاریزانی یارییەکە.