دالکورد دەیەوێت بەبردنەوە کۆتایی بەم وەرزە بهێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی خولی یانە پلە سێیەکانی سوێد ناسراو بە ئێتان نۆرا کۆتاییدێن، یانەی دالکوردیش دەیەوێت بەبردنەوە کۆتایی بەم وەرزەی خولەکە بهێنێت.
 
کاژێر 18:00، لە رکابەرییەکانی گەڕی 30ـی و کۆتایی خولەکەدا، یانەی دالکورد لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی هانینگ یارییدەکات، دالکورد دوای بردنەوەی یاریی گەڕی رابردوو بەرامبەر یانە هودیکسڤالس، پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی پلەی ئۆف مسۆگەر کرد.
 
دالکورد لەم وەرزەی خولی ئێتان نۆرای سوێد، لە 29 یارییدا 18 بردنەوە 7 یەکسانبوون و 4 دۆڕانی هەیە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە خاوەنی 61 خاڵە و لە دوایین چوار یارییشدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 
رکابەرەکەی دالکورد یانەی هانینگ لە پلەی دەیەمە بە 36 خاڵ.
 
دالکورد بۆ رکابەریکردن لەسەر گەڕانەوە بۆ خولی سوپێرتان، بەرامبەر خاوەنی پلەی چواردەیەمی ریزبەندی ئەو خولە یارییدەکات و براوەی پلەی ئۆف وەرزی داهاتوو لە سوپێرتان یارییدەکات.