سۆلشایەر: ئەوەی گومانی لە رۆناڵدۆ هەیە با بەباشی سەیری یاریی ئاتالانتا بکات
رووداو دیجیتاڵ
ئۆلێ سۆلشایەر، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، خۆشحاڵیی خۆی بە سەرکەوتنی تیپەکەی بەسەر یانەی ئاتالانتای ئیتاڵیدا نیشاندا، گوتیشی "ئەوەی گومانی لە کار و کۆشەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەیە با بەباشی سەیری یاریی ئاتالانتا بکات".
لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا، یانەی مانچێستەر یونایتد لەسەر یاریگەی ئۆلترافۆرد میوانداری یانەی ئاتالانتای کرد و 3-2 لێیبردەوە، دوای ئەوەی ریمۆنتادای بەسەر یانە ئیتاڵییەکەدا کرد، کە سەرەتا بە 2 گۆڵ پێشکەوت، بەڵام دواتر شەیتانە سوورەکان 3 گۆڵیان کرد.
سۆلشایەر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا بە پەسندانی جەماوەری یانەکەیان دەستیپێکرد و گوتی "جەماوەر بەشێکی گەورەی ئەم یانەیە پێکدێنێت، ئەوان بە بەردەوامی گۆرانییان دەگووتەوە و هانی یاریزانانیان دەدا متمانەیان بەخۆیان بێت، ئەم بەشەی یاریگەکەمان باشترینە لە جیهاندا، هەندێجار هاندەرانمان هەست بە بێئومێدی دەکەن، بەڵام بەردەوامیش دەبن لە هاندان".
ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی "پێموایە ئێمە لە نیوەی یەکەمیشدا یارییەکی باشمان کرد، دوو هەلی گۆڵمان دروستکرد، بەڵام ئەوان گۆڵێکیان لە هیچ تۆمارکرد، ئینجا بە لێدانێکی جێگیر گۆڵێکی دیکەشیان کرد، بەڵام ئێمە خۆمان بەدەستەوە نەدا و بەردەوام بووین".
راهێنەری مان یونایتد، زیاتر باسی یاریزانەکانی کرد و گوتی "نابێت ئێمە بەبێ رێزی مامەڵە لەگەڵ یاریزانان بکەین، ئەوان لە مانچێستەر یونایتد یاری دەکەن و دەزانن کە خۆشبەختترینی جیهانن، ملیۆنەها خەڵکی هیوا بەوان دەخوازن".
سۆلشیەر روونیشیکردەوە "مارکۆس راشفۆرد لە نیوەی یەکەمدا هەلەکانی بۆ رەخسان و بەردەوام بوو، لێیدرا و گۆڵی کرد، بەڵام ئەو رۆڵێکی گرنگ دەبینێت، ئینجا ماگوایر بەشێوەیەکی نایاب کۆتایی بە هەلەکەی هێنا، کە پێموایە کەس بڕوای نەدەکرد ئەو گۆڵە بکات، کریستیانۆش لە بەرامبەر گۆڵدا زۆر بەتوانایە، ئەگەر یەکێک بیەوێت رەخنە لە کار و کۆششەکانی بگرێت، پێویستە سەیری یارییەکەمان بەرامبەر ئاتالانتا بکات".
راهێنەری شەیتانە سوورەکان لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتی "لەنێوان هەردوو گێمی یارییەکەدا بە یاریزانانم گوت، پێویستە دڵنیابین لەوەی گۆڵی یەکەم دەکەین، ئەوکات یارییەکە دەبەینەوە، بەڵام گرنگە گۆڵی دیکەمان لێنەبێت، من متمانەم بە تواناکانمان بۆ بردنەوە هەبوو، تەنیا پێویست بوو هەلەکان بکەینە گۆڵ".