چیمەنی یاریگەی دهۆک دەگۆڕدرێت


رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک، بەشێوەیەکی فەرمی گۆڕینی چیمەنی یاریگەی یانەکەی راگەیاند و دوای یارییەکەی بەرامبەر هەولێر گۆڕانکارییەکە دەستپێدەکات.
 
یانەی دهۆک لەسەر لاپەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک نووسیوویەتی "لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوای یاریی کلاسیکۆی کوردستان، لەنێوان هەردوو یانەی دهۆک و هەولێر چیمەنی یاریگەی یانەکە دەگۆڕدرێت."
 
یانەکە لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەیدا کە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "لە کاتی راوەستانی یارییەکانی خولی عێراقدا لە کەمترین ماوەدا بە باشترین شێوە چیمەنی هۆڵەندی بۆ یاریگەی دهۆک دادەنرێت و دیاریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بەر لەوەی یارییەکانی جامی کەنداوی عەرەبی دەستپێبکەن و بەردەوام هەڵوێستی لەم شێوەیە لە سەرۆکی حکومەت بۆ خەڵکی دهۆک چاوەڕوانکراوە."
 
بڕیاری گۆڕینی چیمەنی یاریگەی دهۆک، لەکاتێکدا لە شەوی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی دەستپێکردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق و ئەنجامدانی یاریی دهۆک و زەورا، رەخنەیەکی زۆر لە چیمەنی یاریگەکە گیرا و خراپی یاریگەکە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بووە رۆژەڤێکی گەرمی میدیا.
 
یانەی دهۆک لە یەکەم یارییدا لە رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لەنێو یاریگە و هاندەرانی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە یانەی زەورا دۆڕا.