بۆ رێگرتن لە لێکترازانی ماڵی مەدرید، پێرێز مووچەی دووانەیەکی مەدرید زیاد دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دووانەی درەوشاوەی ریال مەدرید، جود بێلینگهام و ڤینیسیۆس جۆنیۆر، بۆ رێگرتن لە یاخیبوونیان، لەلایەن سەرۆکی ریال مەدریدەوە پاداشت دەکرێن.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، فلۆرێنتیۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بۆ رێگرتن لە لێکترازانی ماڵی نێوخۆی تیپەکەی، بەتایبەت پاش هاتنی کیلیان ئێمباپێ، کە ئەگەر هەیە پاڵنەربێت بۆ ئەو دوو یاریزانە لە هەر بیرکردنەوەیەک لە یاخیبوونیان، بڕیاریداوە پاداشتی ئەو دوو یاریزانە بکات بەزیادکردنی مووچەکانیان.
 
ئێمباپێی کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، هاوینی ئەمساڵ دوای بەجێهێشتنی پاریس سانجێرمان، بەبێبەرامبەر پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد و مووچەی ساڵانەی 15 ملیۆن یۆرۆ لە ریال مەدرید وەردەگرێت و بەوەش خاوەنی بەرزترین مووچەیە لە یانەکەدا و پێش بێلینگهام و ڤینیسیۆس کەوتووە.
 
هەرچەندە ئێمباپی پاداشتێکی گەورە بەهۆی هاتن بەبێ بەرامبەر بۆ ریال مەدرید وەردەگرێت کە بەماوەێ چەند ساڵێک دەبێت، بەڵام ئەو مووچەیەی ریال مەدرید دەیدات بەو یاریزانە، بەرزترین رێژەی مووچەیە لە یانەکەدا و پێشتر هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گاریس بەیڵ و ئیدین هازارد هەمان مووچەیان وەرگرتووە.
 
بەر لە هاتنی کیلیان، ڤینی و بێلینگهام خاوەنی بەرزترین مووچەبوون لە یانەکەدا و هەریەکەیان 10 ملیۆن یۆرۆی وەردەگرت.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، هاتنی ئێمباپێ و بوونی پێنج ملیۆن یۆرۆ جیاوازی لە مووچەکەیدا لەگەڵ ئەو دوو ئەستێرەیە، وایکردووە کارگێڕیی ریال مەدرید هەست بەجۆرێک لە ترس بکات، لەوەی ئەو یاریزانە لە داهاتوودا هەست بەناهەقی بکەن، هەربۆیە بڕیاریداوە مووچەی ئەو دوو یاریزانەش، هاوشێوەی مووچەی کیلیان لێبکات.
 
پێرێز، بڕیاریداوە مووچەی هەرسێ یاریزانەکە هاوتا بکاتەوە، تاوەکو رێگە لەهەر جیاوازییەک بگرێت کە ئەگەر هەیە لە داهاتوودا لە نێوانیاندا رووبدات.