ڤیدیۆ؛ ئەنچێلۆتی بەڵێنێک بە ئێندریک دەدات

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، پەسنی ئێندریکی یاریزانی لاوی ریال مەدرید دەدات و بەڵێنێکی پێدەدات. دەشڵێت "ئەگەر ئامانجم یاریکردن بووایە بەشێوازی بەرگری، لەجیاتی ڤینیسیۆس، ئێمباپێ و رۆدریگۆ یاریم بە سێ بەرگریکار دەکرد".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدرید لە گەڕی شەشەمی لالیگادا میوانداریی یانەی ئیسپانیۆل دەکات.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و پەسنی ئێندریکی یاریزانی بەرازیلی دا و بەڵێنی دا کە لە ماوەیەکی نزیکدا لاوە بەرازیلییەکە لە زۆر لە یارییەکانی ریال مەدریددا بەشێوەی سەرەکی یاری دەکات.
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی دایەوە سەبارەت بە سێ هێرشبەرەکەی، کە ئایا پێکەوە کارنەکردنی ڤینیسیۆس، ئێمباپێ و رۆدریگۆ دەبێتە هۆکاری ناهاوسەنگیی تیپەکەی یانە نا؟
 
ئەمە پوختەی قسەکانی کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدە، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی بەر لە یاریی ریال مەدرید و ئیسپانیۆل:
 
 
دەبینم هاندەران دڵخۆشن بەو کارەی ئێمە دەیکەین. هەندێکجار دەتوانین باشتر یاری بکەین، بەڵام هاندەرانی ریال مەدرید راهاتوون بە سەیرکردنی تۆپی پێی ورووژێنەر، نەک تەنیا کۆنترۆڵکردنی تۆپەکە. هەوڵدەدەین هاندەرانی ریال مەدرید دڵخۆش بکەین بەو شتانەی کە هەمانە، پێموایە ئەوان پێیان باشترە سەرکەوتن بەدەستبهێنن نەک بەباشی یاری بکەن.
 
من لەو راستییە تێدەگەم کە تۆ پێتوایە ئێمە تیپێکی ناهاوسەنگین، چونکە ڤینیسیۆس و ئێمباپێ و رۆدریگۆ بەباشی پێکەوە کارناکەن، ئەوەش بەتەواوی هەڵەیە، چونکە من داوایان لێناکەم کاری یاریزانانی ناوەڕاست و بەرگری بکەن، ئەگەر بمەوێت تیپەکە هاوسەنگ بێت و سەرنجی لەسەر هێڵی بەرگری بێت، ئەوا ڤینیسیۆس و ئێمباپێ و رۆدریگۆ لە لیستەکەمدا نەدەبوون، دەتوانم لەجیاتی ئەوان سێ بەرگریکار بەکاربێنم. بەڵام هەر بۆیە پێیدەگوترێت هاوسەنگی، چونکە بەداخەوە پێویستە بە تۆپ و بەبێ تۆپ کار بکەین.
 
ئێندریک لە داهاتوودا دەبێتە یاریزانی سەرەکی لە زۆر لە یارییەکانی ریال مەدرید، ئەمەش بەهۆی کوالیتییەکەیەوە تەواو روونە، کوڕەکە خۆبەزلزان نییە، کەم قسە دەکات و کاری زۆر دەکات، ئەمەش ئەوەیە کە زۆر حەزم لێیە.