ڤیدیۆ؛ نهێنی ئاهانگگێڕانە نوێیەکەی رۆناڵدۆ چی بوو؟

رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی، لە یاریی نەسڕ و ئیتیفاقدا، بە ئاهەنگەکەی سەرنجی هەمووانی راکێشا.
 
یانەی نەسڕ لە گەڕی چوارەمی خولی رۆشنی سعودیەدا، بووە میوانی ئیتیفاق و بەئەنجامی 3-0 لێیبردەوە.
 
دۆن دوای ئەوەی گۆڵی یەکەمی نەسڕی تۆمارکرد، کە بە لێدانی سزا بوو، لە کاتی ئاهەنگگێڕان بە گۆڵەکەی رووی کردە پەیژەکانی یاریگە و بەدەستی ئاماژەیەکی بۆ جۆنیۆری کوڕی کرد، کە ئامادەی بینینی یارییەکە بوو.
 
بەگوێرەی رادیۆی تاڵک سپۆرت، کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاماژەکەی بۆ کریستیانۆ جونیۆری کوڕی بووە و دەڵێت "رۆناڵدۆ دوای درەوشانەوەی کوڕەکەی لەگەڵ تیپی خوار 15 ساڵانی نەسڕ، ویستویەتی سەرنجی کوڕەکەی رابکێشێت، کە بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ بووە هۆی سەرکەوتنی تیپی تازەپێگەیشتووانی نەسڕ بەسەر قادسیەدا بەئەنجامی چوار گۆڵی بێبەرامبەر.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆناڵدۆ بە زەردەخەنەوە ئاماژەی بۆ کوڕەکەی کرد و دواتر 3 پەنجەی بەرزکردەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە خۆی و کوڕەکەی لە یەک رۆژدا پێکەوە سێ گۆڵیان تۆمارکردووە، بۆیە جۆنیۆریش بە زەردەخەنەیەکی هاوشێوە وەڵامی باوکی دایەوە.
 
کریستیانۆ جونیۆر، لەو کاتەوەی باوکی لە سەرەتای ساڵی 2023 رووی لە یانە سعودییەکە کردووە، خۆیشی لە ریزەکانی تیپی تازەپێگەیشتووانی نەسڕ یاری دەکات.