ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ سەرکەوتنێکی دیکەی بۆ نەسڕ بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی نەسڕ لە یەکەم یاریی خۆیدا بەسەرکردایەتی ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری نوێی ئیتاڵی، لە گەڕی چوارەمی خولی رۆشنی سعودیدا سێ خاڵی بەدەستهێنا.
 
نەسڕ لە شاری دەمام، بووە میوانی ئیتیفاق و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لێیبردەوە.
 
لە خولەکی 32 کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە لێدانی سزا گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی نەسڕ تۆمارکرد و ژمارەی گۆڵەکانی لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا گەیاندە 902 گۆڵ.
 
یانەی نەسڕ لە نیوەی دووەمیشدا باشتر دەرکەوت و دوای تێپەڕبوونی 10 خولەک لە رێگەی سالم ئەلنەجدییەوە گۆڵی دووەمی تۆمارکرد.
 
تیپەکەی ستیفانۆ پیۆلی بەوەندەش نەوەستا و لە رێگەی پاسێکی نایابی سادیۆ مانێی هێرشبەرەوە، ئاندرسۆن تالیسکای بەرازیلی لە خولەکی 70ـدا گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد.
 
ئەمە یەکەم دۆڕاندن بوو بۆ تیپی راهێنەر ستیڤن جیرارد دوای بردنەوەی سێ یاری یەکەمی.
 
بەم سەرکەوتنە، نەسڕ بە کۆکردنەوەی 8 خاڵ سەرکەوت بۆ پلەی چوارەم و خاڵێک لە دوای ئیتیفاقەوەیە، کە پلەی سێیەمی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە.