پلانێکی جەهەننەمی لەدژی مانچێستەر سیتی لە ئارادایە

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدرید چاوی لەسەر گواستنەوەی دوو یاریزانی مانچێستەر سیتییە، و سوود لە دۆخێکی چاوەڕوان نەکراو وەردەگرێت، کە ئەگەری هەیە رووبەڕووی یانە ئینگلیزییەکە ببێتەوە.
 
رۆژنامەکانی ئینگلتەرا هیچ گومانێکیان لەوە نییە کە ریال مەدرید چاوی لەسەر دوو یاریزانی هەرە کاریگەری مانچێستەر سیتی و پێکهاتەی پێپ گواردیۆلایە.
 
مان سیتی و ریال مەدرید بەردەوامن لە چاودێریکردنی ئەستێرەکانی یەکدی، لەکاتێکدا چاویان لە بازاڕی گواستنەوەی داهاتووە.
 
ریال مەدرید نەک تەنیا بۆ ئێرلینگ هالاند لە بۆسەدایە، بەڵکو چاوی لە رۆدریشە، ئەگەر بڕیاری سزادان بۆ یانە ئینگلیزییەکە درا، کە ئەگەری هەیە ئەو یانەیە سزا بدرێت، لە پرێمەرلیگ دەربکرێت و لە بەشداریکردنی جامپیۆنزلیگیش دووربخرێتەوە.
 
رۆژنامەی میرەری بەریتانی، چەند رۆژێک لەمەوبەر دووپاتیکردەوە کە ئەگەر مان سیتی بەهۆی ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵی، سزا بدرێت، گوایە 115 سەرپێچی کردووە، ئەوا نیوەی یاریزانانی پێپ گواردیۆلا ماڵئاوایی لە تیپەکە دەکەن.
 
ئەو رۆژنامەیە باسی رۆدری دەکات و دەڵێت "دەنگۆی ئەوە هەیە کە ریال مەدرید گرنگی بە رۆدری دەدات و لە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر مانچێستەر سیتیدا، یانەی شاهانەی ئیسپانیا راستەوخۆ ئەو یاریزانەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەکاتە ئامانج".
 
هەندێک سەرچاوەی دیکەش لە ئیسپانیا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە فلۆرێنتینۆ پێرێز و ریال مەدرید بەردەوامن لە پێداگری لەسەر گواستنەوەی رۆدری، ئەمە جگە لەوەی هەموو سەرنجێکیان لەسەر ئێرلینگ هالاند دەهێڵنەوە و چاوەڕێی ئەوەن سزایەکە بەسەر مان سیتیدا بسەپێنرێت بۆ ئەوەی ئەوان دەست بکەن بە راوکردنی ئەستێرەکانی گواردیۆلا.
 
هێشتا ئەگەری ئەوە هەیە مان سیتی سزایەکی قورس بدرێت بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە سەرپێچیکردن لە یاسای یاریی دارایی خاوێن، ئەگەرچی پێشتر گواردیۆلا گوتوویەتی "من بەرگری لە یانەکە و دەستەی کارگێڕیی دەکەم، چونکە لەگەڵیان کاردەکەم. کاتێک تۆمەتباریان دەکەن بە شتێک، داوایان لێدەکەم کەیسەکەم پێبڵێن و دواتر بۆم روون دەکەنەوە و قسەکانیان وەردەگرم، بەڵام پێیاندەڵێم ئەگەر ئێوەش درۆم لەگەڵ بکەن، دەڕۆم و چیدی هاوڕێتان نیم".
 
ئەو گوتیشی "من لە رۆژی یەکەمەوە 100% متمانەم پێیان هەیە و هەر بۆیە بەرگرییان لێدەکەم".
 
لە ماوەی نێوان مانگی یەکەمی ساڵی داهاتوو و هاوینی 2025 زۆر شت روون دەبنەوە سەبارەت بەو کەیسە، کە بێگومان مانچێستەر سیتی زۆر گۆڕانکاری بەسەردا دێن و لە بەرژەوەندی ریال مەدرید و فلۆرێنتینۆ پێرێسدا دەبێت ئەگەر تۆمەتەکان بەسەر پاڵەوانی پرێمەرلیگدا ساخ بوونەوە.