رووداو دیجیتاڵ
پاسێکی هاندەرانی یانەی کۆرێنچیانزی بەرازیلی تووشی رووداوێکی سەختی هاتۆچوو دەبێت و بەو هۆیەوە ژمارەیەک هاندەر گیانلەدەستدەدەن و ژمارەیەکی دیکەش بریندار دەبن.
پۆلیسی بەرازیل رایگەیاند، پاسێکی تایبەتی هاندەرانی یانەی کۆرێنچیانز بۆ ئامادەبوون لە یاریی نێوان یانەکەیان و کروزێرۆ لە شاری تاوپاتێی ویلایەتی ساوپاوڵۆوە دەچووە شاری بێلۆ هۆریزۆنتێ، بەڵام لە رێگەدا وەردەگەڕێت و تووشی رووداوێکی سەختی هاتۆچوو دەبێت.
بەپێی راگەیێنراوی پۆلیس، تاوەکو ئێستا 7 هاندەر لەو رووداوەدا گیانیانلەدەستداوە و 36 هاندەری دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان برینەکانیان سەختە.
بەپێی میدیای بەرازیل، شۆفێری پاسی هاندەرانی کۆرێنچیانز ویستوویەتی خۆی لە پێکدادان لەگەڵ پاسێکی دیکە بپارێزێت، بەڵام کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستداوە و بەو هۆیەوە پاسەکە وەرگەڕاوە.
یانەی کۆرێنچیانزی بەرازیلی هەر زوو دوای رووداوەکە هاتەسەر هێڵ و سەرەخۆشیی ئاراستەی ماڵباتی قوربانیانەکان کرد و رایگەیاند، هاوکاریی چارەسەرکردنی بریندارەکانی رووداوەکە دەکات.
بەشێکی زۆری یانەکانی دیکەی بەرازیل و لویس ئیناسیۆ لۆلا داسیلڤای سەرۆکی وڵاتەکەش سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی یانەی کۆرێنچیانز و ماڵباتی قوربانییەکان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ