ڤیدیۆ؛ بوندێسلیگا رۆژێکی چاوەڕواننەکراوی بەڕێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

گەڕی سێیەمی بۆندێسلیگایە و یاریگەی سیگناڵ ئیدونا پارکە، یولیان برانت بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم دۆرتموندی بە گۆڵێکی سەرنجڕاکێش بەرامبەر ڤێردێر برێمەن پێشخست.
 
نیوەی دووەمی یارییەکە هەر لە بەرژەوەندی خاوەن یاریگە بوو، کاتێک لە خولەکی 77 رافایێل گێرێرۆ بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی دۆرتموندی تۆمارکرد، هەمووان چاوەڕێ بوون یارییەکە کۆتاییبێت و دۆرتموند سێ خاڵ بباتەوە، بەڵام چیرۆکەکە بەو شێوەیە کۆتایی نەهات.
 
لە خولەکی 89 لی بوچانان گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە، کاتی زیادکراو بەتەواوی لە بەرژەوەندی ڤێردێر برێمەن بوو و لە خولەکی 93 نیکلاس شمید گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و دۆرتموندی شۆککرد.
 
هەر ئەوەندەش نەبوو، لە خولەکی 95 ئۆلیڤەر بورک گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بەتەواوی پێچەوانە کردەوە، ڤێردێر برێمەن بووە یەکەم یانە لە مێژووی خولی ئەڵمانیادا خولەکێک پێشکۆتاییهاتنی یارییەکە بەو شێوەیە لە دواوە بێت و ریمۆنتادا بکات و یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
 
سەرەتای یاریی نێوان هەردوو یانەی یەنیەن بەرلین و لایپزیگ بە هێرشێکی تیمۆ ڤێرنەر دەستیپێکرد، بەڵام تۆپەکەی بەر ستۆن کەوت.
 
لە خولەکی 32 سیوسۆن سیباچۆ گۆڵێکی بۆ یانە بەرلینییەکە تۆمارکرد و خاوەن یاریگەی پێشخست، شەش خولەک دوای ئەم گۆڵە، شیرالدۆ بیکەر یاریی بە بەرگریکارانی لایپزیگ کرد و بەشێوەیەکی جوان گۆڵی دووەمی تۆمارکرد.
 
لە نیوەی دووەمدا لایپزیگ گوشاری زۆری خستە سەر گۆڵی یەنیەن بەرلین بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکە، بەڵام هەوڵەکانیان تەنیا گۆڵێکی لێ بەرهەم هات، ئەویش لەلایەن ویلی ئوربانەوە لە خولەکی 83 تۆمارکرا.
 
یەنیەن بەرلین بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و ئەمە دووەم بردنەوەی یانەکەیە لەم وەرزەی خولەکەدا، لایپزیگ لە 3 یارییدا تەنیا 2 خاڵی هەیە.
 
 
31 خولەک یارییکردنی نێوان ماینز و ئۆگسبۆرگ بووە سەرەتای گۆڵێک لە یارییەکەدا کاتێک کەریم ئونیسیۆ ماینزی پێشخست.
 
تەنیا 4 خولەک دوای ئەو گۆڵە ئارمیدین دیمیرۆڤیچ ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
لێدانێکی سزا بۆ ماینز هەژمارکرا، بەڵام ئارۆن مارتن لە جێبەجێکردنیدا سەرکەوتوو نەبوو و گۆڵپارێز تۆپەکەی گەڕاندەوە.
 
یارییەکە خەریکبوو کۆتاییبێت، بەڵام لی جای سۆنگی یاریزانی کۆریای باشوور قسەیەکی دیکەی هەبوو و لە دوایین خولەکی کاتی زیادکراو، گۆڵی بردنەوەی بۆ ماینز تۆمارکرد و یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی یانەی میوان کۆتاییهات و دووەم بردنەوەی لەم وەرزەدا بەخشییە یانەکەی.