شرۆڤەی یارییەکانی یۆرۆ بە میۆزیکی سیڤان پایەدار دەستیپێکرد و کۆتاییهات
رووداو دیجیتاڵ
هەشتەم رۆژی شرۆڤەی یارییەکانی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024 بوو، بە میوانداری سیڤان پایەدار، میۆزیکژەن بەڕێوەچوو. کە تێیدا شرۆڤە و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ سێ یاریی دیکەی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکان کرا، و تۆڕی میدیایی رووداو وەک هەمیشە رووماڵێکی بەرفراوانی هەبوو.
دوو بووڵتەن
لە رووماڵی هەشتەم رۆژدا، دوو بووڵتەنی هەواڵ لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە لە کاژێرەکانی 13:30 و 16:40 بەڕێوەچوون و بە گرافیک و ڤیتی و وەرگرتنی پەیامنێری رووداو، لە ئەڵمانیا، نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی رووداو گەیێنران.
میوانی تایبەت
لە رووماڵی هەشتەم رۆژدا، رووداو میوانێکی تایبەتی هەبوو، کە سیڤان پایەداری میۆزیکژەنی ناسراوی کورد بوو. ئەو بەپێی ئەو شارەزاییەی لە تۆپی پێدا هەبوو، لەگەڵ سێ شرۆڤەکارەکەی رووداو شرۆڤەی یارییەکانی دەکرد. وێڕای ئەوەی باسی هەندێک لە کار و بەرهەمە هونەرییەکانیشی کرد.
3 یاری
لە هەشتەم رۆژی یۆرۆدا سێ یاریی ئەنجام دران، کە لە یاریی یەکەمدا، لە گەڕی دووەمی یارییەکانی کۆمەڵەی پێنجەمدا، سلۆڤاکیا و ئۆکراینا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و ئەمەی دوایی بەئەنجامی 2-1 یارییەکەی بردەوە.
یاریی دووەم لەنێوان پۆڵەندا و نەمسا بوو لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی دووەمی کۆمەڵەی چوارەم، کە لەو یارییەدا پۆڵەندییەکان بە ئەنجامی 1-3 بە نەمسا دۆڕان و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و هاوڕێکانی هەرزوو ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
سێیەم یاریی، یارییەکی دیکە لووتکە بوو، کە لە نێوان فەرەنسا و هۆڵەندا بەڕێوەچوو، و لە یارییەکەدا هیچ کامێکیان نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی یەکدی بهەژێنن و ئەو رووبەڕووبوونەوە بووە یەکەم یاریی ئەم پاڵەونێتییە بە ئەنجامێکی سپی 0-0 کۆتایی بێت.
شرۆڤەی یارییەکان
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی ئەو یارییەیان کرد و هەمووان لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە پۆڵەندا ئاستێکی زۆر خراپی هەبووە و دەکرێت بە خراپترین هەڵبژاردەی پاڵەوانێتییەکە ناوببرێت. بەقسەی خۆیان ئەو راستییە دووپات بووەوە کە سەیر نەبووە ئەو هەڵبژاردەیە لە پاڵاوتنەکانیشدا بەزەحمەت سەربکەوێت.
سەرمەد سامح، سەرسام بوو بە ئاستی نەمسا و پێیوابوو دەبێت هەمووان حساب بۆ نەمسا بکەن.
کامەران نەسرەدین، پێیوابوو ئاستی فەرەنسا چاوەڕوان نەکراو بوو، و دەبووایە بە ئاستێکی باشتر دەربکەوتایە، ئەگەرچی کیلیان ئێمباپێ یاری نەدەکرد، ئەو گوتی "هۆڵەندا تیپێکی رێکخراوتر بوو لە فەرەنسا".
ئەڵمان عارف، بەهەمانشێوە هاوڕابوو لەگەڵ کامەران نەسرەدین و پێیوابوو کە فەرەنسا نەیتوانی ئەو ئاستە پێشکێش بکات کە چاوەڕوان دەکرا.
نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا
لە بووڵتەنی 13:30ـدا، دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا، نوێترین زانیاری بە بینەرانی رووداو دا و بۆچوونی هاندەرانی لەبارەی یارییە گرنگەکەی نێوان هۆڵەندا و فەرەنسای وەرگرت. ئامادەی یارییەکەش بوو لە یاریگەی رێد بۆل ئارێنا و چەندین دیمەنی جوانی یارییەکەی بە کامێرای رووداو گرت و لە پەیجەکانی رووداو بڵاوکرانەوە.
دڵنیا رەحمان، لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـیشدا، جارێکی دیکە و دوای یارییەکە بۆچوونی هاندەرانی لە دەرەوەی یاریگەدا وەرگرت.
بەرنامەی یۆرۆی 2024
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بەڕێوەچوو، کە سیڤان پایەدار، میوانی تایبەتی بەرنامەکە بوو. کە جگە لەوەی باسی لە ژیانی تایبەتی خۆی و ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ وەرزشدا هەیە، شرۆڤەی یارییەکانیشی دەکرد و لەنێو ستۆدیۆی یۆرۆی 2024ـدا چەندجارێک بە ژەنینی مۆزیک کەشی بەرنامەکەی خۆشترکرد و هاندەرانی هێنایە چەپڵەلێدان.
کەڵەشێرەکەی فەرەنسا
دەستەی هاندەرانی هەڵبژاردەی فەرەنسا کەڵيشێرێکیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابووە نێو ستۆدیۆی رووداو، بەڵآم وەک رێبوار میەممەدی پێشکێشکاری ڤەرنامەی یۆرۆی 2024 گوتی، کەڵەشێرەکە نەیتوانی بقوقێنێت و فەرەنسییەکان لەگەڵ هۆڵيندییەکان یەکسانبوون.
خەڵاتی مۆبایلی رووداو
لەم بەرنامەیەدا، پەیامنێری رووداو، غەریب مەجید، لە زاخۆ بۆچوونی هاندەرانی یۆرۆی وەرگرت و تیروپشکی بۆ خەڵاتی مۆبایلەکەی رووداو راکێشاو بۆ سیپان محەممەد دەرچوو، کە قوتابی زانکۆیە.
لە هەر شەوێکی یۆرۆدا پەیامنێرێکی رووداو لە شارێکی کوردستان بۆچوونی هاندەران وەردەگرێت و دواتر ئەو خەڵاتە بە هەوادارانی یۆرۆ دەدرێت.
خەڵاتی لیرەی رووداو
کاژێر 19:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، ئەحمەد حاجی و ئەڵمان عارف لەگەڵ سیڤان پایەدار، بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەی هەردوو یارییەکەی یەکەمیان کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی سێیەم لە نێوان فەرەنسا و هۆڵەندا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا و ئەمجارە نێچیرڤان خالد حەسەن بووە براوەی لیرەیەکی زێڕ کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە. نێچیرڤان تەمەنی 31 ساڵە، فەرمانبەرە، خەڵکی دهۆکە، بەڵام لە هەولێر دەژی. ئەو گوتی "من هاندەری بەرازیلم، بەڵآم لە ئەورووپا دڵم بۆ ئەڵمانیا لێدەدات".
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن.
پەیامنێری رووداو
محەممەد کارێزی، پەیامنێری رووداو، لێدوانی لە باڵیۆزی هیندستان له عێراق وەرگرت سەبارەت بە یارییەکانی یۆرۆ. كاژێر 11ـی شهو لێدوانێکی لەبارەی یاریی پۆڵەندا و نەمسا لە كونسوڵی پۆڵهندا وەرگرت و بۆ بەرنامەی یۆرۆی 2024ـیش چووە لای هەردوو كونسوڵخانهی فهرهنسا و هۆڵهندا پێكهوه.
خەڵاتی تەلەڤزیۆنی رووداو
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بەخت یاوەری ئاسۆ عەبدولقەهار فارس بوو، کە تەمەنی 36 ساڵە و کاسبە.