ڤیدیۆ؛ یانەکەی پایتەخت لە بوندێسلیگا دابەزی

رووداو دیجیتاڵ

 

دابەزینی یانەی هێرتا بەرلین لە بوندێسلیگا مسۆگەر بوو، دوای ئەوەی لە خولەکی چوارەمی کاتی زیادکراودا گۆڵێکی لێکرا.
 
لە گەڕی 33ـی بوندێسلیگادا، هێرتا بەرلین میوانداری بۆخومی کرد و بە ئەنجامی 1-1 یەکسان بوون.
 
دوای تێپەڕبوونی 15 خولەک، دۆدی لوکباکیۆ گۆڵی پێشکەوتنی هێرتا بەرلینی تۆمارکرد، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ڤار گۆڵەکە بەهۆی هەڵەیەکی ستیڤان یۆڤیچەوە رەتکرایەوە.
 
لە گێمی دووەمدا، یانەی خاوەن یاریگە جارێکی دیکە لە رێگەی ئۆکاس توسارتەوە لە خولەکی 63 گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد.
 
لە کاتێکدا هێرتا بەرلین چاوەڕێی فیکەی کۆتایی ناوبژیوان بوو، بۆ ئەوەی 3 خاڵە گرنگەکە بباتەوە، کیڤن شلۆتەربێک بەرگریکاری پێشووی یانەی یونیون بەرلین لە خولەکی چوارەمی کاتی زیادکراودا گۆڵی یەکسانکردنەوەی کوشندە بۆ بۆخوم تۆمارکرد و هێرتای ناردەوە خولی پلە دوو.
 
ئەم دابەزینە حەوتەم دابەزینی یانەی هێرتا بەرلینە لە بوندێسلیگا، دوای ئەوەی لە 33 گەڕدا تەنیا 26 خاڵی کۆکردەوە، کە لە کۆتایی ریزبەندیی خولەکەدا دەمێنێتەوە.
 
لە کاتێکدا بۆخوم، کە بەهەمانشێوە لە کۆششدایە بۆ مانەوە، 32 خاڵی هەیە و لە پلەی پانزدەیەمدایە.