لە یاریی کۆتایی جامی کوردستان شەڕ دروستبوو و برینداری لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێو یاریگەی شەهید فڕانسۆ هەریری یاریی کۆتایی جامی کوردستان لەنێوان یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر و دهۆک بەڕێوەچوو؛ پێشمەرگەی هەولێر یارییەکەی بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بردەوە، بەڵام لە شوێنی پیرۆزباییکردن و گێڕانی ئاهەنگی سەرکەوتن سەدان کەس کەوتنە گیانی یەکدی و گرژییەکی زۆر دروستبوو.
شەڕەکە هێندە گەورە بوو یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بەناچاری نەیتوانی خەڵات و جامی کوردستان دابەش بکات.
سیروان نەجمەدین، سکرتێری یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، "بەداخەوە بەم کەسانە ناڵێن هاندەر و ئەوانەی لە خولی عێراق دەدۆڕێن، ناوێرن بەمشێوەیە رەفتار بکەن، ئێمە کۆدەبینەوە و ئەوکات بڕیاری خۆمان دەدەین."
شەڕەکە هێندە گەورە بوو بەشێک لە هاندەرانی هەردوو یانە برینداربوون و بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر گواسترانەوە، لەبەرئەوەی ئەوانەی شەڕیان دەکرد بە دار و بەرد رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
جەرجیس سادق، سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "دەیان هاندەرمان برینداربوون و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە."
شکاندنی ژمارەیەکی زۆری کورسی و شێواندنی یاریگەکە لایەنێکی دیکەی ئاڵۆزی دوای یارییەکە بوو.
لای خۆیەوە، دیدار حامد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر دەڵێت، "زیانی گەورە بە کورسییەکان و یاریگەکەمان کەوتووە."
یاریی یانەکانی هەولێر و دهۆک بە کلاسیکۆی کوردستان ناسراوە، زۆرینەی کات گرژی و شەڕ لە نێوان هاندەرانی ئەو دوو یانەیەدا روودەدات، بەڵام ئەمجارە شەڕی هاندەرانی دهۆک لەگەڵ هاندەرانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر هێندەی شەڕی کلاسیکۆی کوردستان گەورە بوو.