لە جامی کوردستاندا شەڕێکی گەورە روویدا و چەندین کەس برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
لە یاریی کۆتایی جامی کوردستاندا شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە روویدا و بەو هۆیەوە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی پاڵەوانێتییەکە نەکرا.
لە یاریگەی فرانسۆ هەریری هەردوو یانەی دهۆک و پێشمەرگەی هەولێر لە یاریی کۆتایی جامی کوردستاندا رووبەڕووی یەکبوونەوە، یانەی پێشمەرگەی هەولێر یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و نازناوی پاڵەوانێتییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر لەنێوان هاندەرانی هەردوو یانە روویدا و ئەوەی بەردەستیان کەوت گرتیانە یەکدی و چەندین پەیژەی یاریگەی فرانسۆ هەریریی یانەی هەولێر شکێنران.
سیروان نەجمەندین، سکرتێری یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەداخەوە کە دوو یانەی خۆشەویستی کوردستان بوونە قوربانی کردەوەی چەند هاندەرێک کە یانەکەیان خۆشناوێت، بەڵام من تەنیا یەک پرسیار لەوانە دەکەم کە ئەم کارەیانکرد، با ئەمە لە خولی عێراق بکەن و هیچی دیکە ناڵێم.
سیروان نەجمەدین زیاتر دەڵێت "بەداخەوە کە ئەمە لەنێوان دوو یانەی کوردستاندا روویدا و لە شوێنی ئەوەی کە جوانی کوردستان بپارێزین، جوانی کوردستان تێکدەدەین، من ناڵێم کێ هۆکاری ئەو گرژیە بوو، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان کۆدەبێتەوە بڕیاری خۆی دەدات."
دکتۆر عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک نیگەرانیی خۆی لە دروستبوونی ئەو گرژییە پێشاندا و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "چەندین کەسیان بەهۆی یارییەکەوە برینداربوون و لە هەردوو نەخۆشخانەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شاری هەولێر چارەسەرییان بۆ دەکرێت."
یانەی دهۆک راگەیێنراوێکی لەسەر پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "لەگەڵ یەکەی پارێزگای دهۆک کۆدەبێتەوە و چەند بڕیارێکی گرنگ دەدات دوای ئەو رووداوانەی لە یاریی یانەکەیان بەرامبەر یانەی پێشمەرگەی هەولێر روویاندا."
بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی لە یارییەکەدا روویاندا، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی براوەی پاڵەوانێتییەکە نەکرا و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.