بایرن چاوی لە ئەستێرەیەکی ریال مەدریدە

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی چاوی لە تواناکانی ئەستێرەیەکی ریال مەدریدە و دەیەوێت لە هاوینی داهاتوودا بیگوازێتەوە یانەکە. 
 
تا دێت هەواڵی پەیوەندیکردنی ئەلفۆنسۆ دەیڤس، یاریزانی باڵی چەپی بەرگریی بایرن میونشن بە یانەی ریال مەدریدەوە روو لە زیادبوونە. لە هاوینی داهاتوودا، گرێبەستی ئەستێرە کەنەدییەکە لەگەڵ بایرن تەنیا ساڵێکی لێدەمێنێتەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ریال مەدرید بتوانێت بەنرخێکی داشکێندراو یاریزانەکە پەلکێشی سانتاگیۆ بێرنابیۆ بکات. 
 
پێشبینی دەکرێت لەگەڵ چوونی دەیڤس بۆ ریال مەدرید، یاریزانەکە راستەوخۆ بچێتە پێکهاتەی سەرەکییەوە و فێرلاند مێندیی فەرەنسی کە لە هەمان شوێنی دەیڤس یاری دەکات، پێگەکەی لەقببێت و بچێتە سەر کورسی یەدەگ. بەپێی رۆژنامەی لیکیپ، بایرن دەیەوێت ئەستێرە فەرەنسییەکە تێکەڵی گرێبەستی دەیڤس بکات و بەوشێوەیە بیگوازێتەوە ریزەکانی، بەڵام ئەم کارە هەروا ئاسان نابێت، بەتایبەتی کە یانەکانی مانچێستەر یونایتد، نیوکاسڵ یونایتد، ئارسیناڵ و لیڤەرپوولیش سەرسامن بە یاریزانەکە و دەیانەوێت گرێبەستی لەگەڵدا بکەن. 
 
لە هاوینی ساڵی داهاتوو، گرێبەستی مێندی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی دێت. بەپێی هەواڵەکان، یانە مەدریدییەکە دەیەوێت پێش کۆتایی هاتنی گرێبستەکەی، مێندی بفرۆشێت، بەڵام کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەری یانەکە دەیەوێت پارێزگاری لە هێشتنەوەی مێندی بکات و چاوی لەوەیە تەنانەت دوای گواستنەوەی دەیڤسیش پشتی پێببەستێت.