لیڤاندۆڤسکی هەڕەشە لە ریال مەدرید دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هەڕەشە لە یانەی ریال مەدرید دەکات و دەڵێت "ئێمە دەزانین چۆن ریال مەدرید ببەزێنین."
 
ئەمشەو کاژێر 22:00، لە میانی یارییەکانی گەڕی 32ـی لالیگا، ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری بارسێلۆنا دەکات، لە یارییەکدا کە یانە کەتەلۆنییەکە چاوی لەوەیە جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدریدی پێشەنگی خولەکە بۆ پێنج خاڵ کەمبکاتەوە و هیوای رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەکە بەزیندوویی بهێڵێتەوە. لەبەرامبەریشدا یانەی شاهانە دەیەوێت یارییەکە هەمان چارەنووسی دوایین کلاسیکۆی هەبێت، کە تێیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سێ خاڵی یارییەکەی بەدەستهێنا.
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیی ئەستێرەی هێڵی پێشەوەی بلاوگرانا هیوایەکی زۆری بەبردنەوەی یانەکەی هەیە و لەبارەی یارییەکەوە دەڵێت "ئێمە ریال مەدرید دەناسین و دەزانین چۆن بیانبەزێنین. لە هەڵەکانی دوایین کلاسیکۆی نێوانمان کۆڵیوەتەوە و لێیانەوە فێربووین، دەزانین ئەگەر رووبەڕووی خاڵە بەهێزەکانیان ببینەوە، دەتوانین لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ شکستیان پێبهێنین."
 
دواتر هێرشبەرەکەی بارسێلۆنا باس لەوە دەکات کە رەنگە بردنەوەکەی ریال مەدرید بەرامبەر مانچێستەر سیتی و سەرکەوتنیان بۆ یاریی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ کاریگەری خراپی بەسەر یانەی شاهانەوە هەبێت و لەوبارەیەوە دەڵێت "خۆشی بردنەوەکەیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی، دەتوانێت کاریگەری خراپ لەسەر باری دەروونی یاریزانانی ریال مەدرید درووستبکات و وابکات بەتەواوی ئامادەنەبن بۆ کلاسیکۆ."
 
تاوەکو ئێستا، لیڤاندۆڤسکی بەشداری لە شەش کلاسیکۆی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنادا کردووە، دوو جار سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێناوە و چوار جاریش تووشی شکست بووە، توانیویەتی دوو گۆڵ و دوو ئاسیست بکات.