بارسا چاوی لە ئۆنانایە

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی چاوی لە ئەستێرەیەکی ئێڤەرتنە و دەیەوێت بیگوازێتەوە یانەکە.
 
لە هاوینی رابردوودا، بارسێلۆنا بەدوای شوێنگرەوەی سێرجیۆ بوسکێتسی ئەفسانەی هێڵی ناوەڕاستی یانەکەدا دەگەڕا کە لە کۆتایی وەرزی 2022/2023 پەیوەندی بە یانەی ئینتەر مەیامییەوە کرد، بەڵام بەهۆی کێشە داراییەکانییەوە تەنیا توانی ئیلکای گوندۆگان بە گرێبەستێکی ئازاد و ئۆریۆل رۆمیو بە 3.4 ملیۆن یۆرۆ بگوازێتەوە یانەکە. 
 
بەپێی رۆژنامەی سپۆرت، بارسا جارێکی دیکە دەیەوێت هێڵی ناوەڕاستی پێکهاتەکەی بەهێز بکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستە دەیەوێت ئامادۆ ئۆنانا، یاریزانی بەلجیکی و ناوەڕاستکاری یانەی ئێڤەرتن بگوازێتەوە، بەڵام رەنگە جارێکی دیکە کێشە داراییەکان ئاستەنگی لەبەردەم بارسادا درووستبکەن، بەتایبەتی کە نرخی یاریزانەکە بە 60 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت.
 
بەپێی میدیاکان، لە ئەگەری دابەزینی لە پرێمەرلیگەوە بۆ چامپیۆنشیپ، رەنگە ئێڤەرتن نرخی ناوەڕاستکارە بەلجیکییەکە بۆ 40 ملیۆن یۆرۆ کەمبکاتەوە، بەڵام ‌هێشتا ئەو بڕە پارەیە بۆ بارسا زۆرە و رەنگە نەتوانێت دابینی بکات، بۆیە یانە ئیسپانییەکە دەیەوێت لە پێناو کەمکردنەوەی نرخەکەی، یاریزانێک یان زیاتری پێکهاتەکەی تێکەڵی گرێبەستەکە بکات.
 
بەپێی سپۆرت، هەرچەندە ئامانجی یەکەمی ئێڤەرتن لە فرۆشتنی ئۆنانا دەستکەوتنی پارەیە، بەڵام رەنگە چەند یاریزانێکی پێکهاتەکەی بارسا وەک لینگلێت، سێرجینۆ دێست، ئانسو فاتی یان فێرمین لۆپێز سەرنجی یانە ئینگلیزییەکە رابکێشێت و رازیبێت بەوەی تێکەڵی گرێبەستی ئۆنانا بکرێت. 
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئۆنانا بەپەرۆشە بۆ لەبەرکردنی درێسی بارسێلۆنا و ئامانجی یەکەمی یاریکردنە بۆ ئەو یانەیە، بەڵام ئەگەر یانە ئیسپانییەکە نەتوانێت بیگوازێتەوە، یاریزانەکە بیر لە بژاردەی دیکە دەکاتەوە.