لێدوانی فەرمی بایرن میونشن لەبارەی رۆیشتنی راهێنەرەکەی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا
رووداو دیجیتال
کارل هاینز رۆمێنیگە، سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، چارەنووسی هانز فلیکی راهێنەری یانەکەیانی دیاریکرد، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پەیوەستبوونی بە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لەدوای پاڵەوانێتی یۆرۆی داهاتوو.
کارل هاینز رۆمێنیگە، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا، گوتی "بە فلیکم گوت کە لەگەڵ ئەودا زۆر دڵخۆشین، پێمگوت ئێمە دەمانەوێت بەردەوام بی لەسەر ئەو شتەی بە گرێبەست لەسەری رێککەوتووین، زۆر بە روونی پێمگوت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئایا لە لایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیاوە هیچ دەستەوارەیەک پێشکەشی فلیک دەکرێت بۆ ئەوەی لەدوای یۆرۆ لەجیاتی یواکیم لوف ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا؟ کارل هاینز رۆمێنیگە گوتی "نەخێر، فریتز کیلەری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا لەم هەفتەیەدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جارێکی دیکە بۆی پشتڕاستکردوومەتەوە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا پەیوەندی بە هیچ راهێنەرێکەوە ناکات کە گرێبەستەکەی لە دوای 30ـی حوزەیران بەردەوام بێت، پێموایە ئەم بڕیارە راستەقینەیە".
کاتێکیش پرسیاری ئەوەی لێکرا، ئایا ئەگەری رۆیشتنی هانز فلیک لەم هاوینەدا لە بایرن میونشن 0٪ـە؟، رۆمێنیگە گوتی "ئەمە هیچ پەیوەندی بە ئەگەرەکانەوە نییە، ئەوە راستییە".
سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی بایرن میونشن، لە بەردەوامی قسەکانیدا، لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناشەوە قسەی کرد و گوتی "ئەوە ئاڵنگارییەکی گەورەیە، ماوەی زیاتر لە ساڵێک دەبێت بەبێ هاندەر یاری دەکەین، هەر یارییەک کە لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەدەچێت بە نزیکەی 4 ملیۆن یۆرۆ لەسەرمان دەکەوێت، هیوادارم لە مانگەکانی کۆتایی کارکردنم وەک سەرۆکی جێبەجێکاری بایرن میونشن، ئامادەبوونی هاندەران ببینین".
لە کۆتاییدا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هانز فلیک و حەسەن ساڵی حەمیدزیچیشەوە پرسیاری لێکرا؟ رۆمێنیگە لە وەڵامدا گوتی "بایرن میونشن خێزانێکی گەورەیە، هەموو ئەو شتانەی لە خێزانێکدا روودەدەن دەبێت لەنێو خێزاندا بمێننەوە، ئەوەش رێک ئەو کارەیە کە حەمیدزیچ و فلیک دەیکەن، پێموایە زۆر باشە کە هەردووکیان رێککەوتوون و کۆتایی بە هەموو جیاوازییەکانی نێوانیان هێناوە".