فەرمی.. راتکلیف بووە خاوەنی بەشێکی پشکەکانی مانچێستەر یونایتد

رووداو دیجیتاڵ 
 
بەشێوەیەکی فەرمی سێر جیم راتکلیف، ملیاردێری بەریتانی بووە خاوەنی بەشێکی پشکەکانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی. 
 
راتکلیف یەکێکە لە دەوڵەمەندترین پیاوەکانی بەریتانیا و خاوەنی کۆمپانیای ئینیۆسە، کە خاوەندارێتی یانەی نیس دەکات کە ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی فەرەنسایە، هەروەها خاوەنی یانەی لۆزان، کە لە دوایین پلەکانی خولی سویسرا دێت.
 
ملیاردێرە بەریتانییەکە لە یانەی مانچێستەر یونایتد سەرپەرشتی کاروبارەکانی پەیوەست بە وەرزشەوە دەکات، لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەمە شەرەفێکی گەورەیە و بەرپرسیارێتییەکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. ئەمڕۆ مامەڵەی کڕینەکە کۆتایی هات، بەڵام گەشتەکەمان دەستیپێکرد بۆ ئەوەی مانچێستەر یونایتد بگەڕێنینەوە لووتکەی تۆپی پێی ئینگلتەرا و جیهان."
 
راتکلیف بەبڕی 1.3 ملیار پاوەند بووە خاوەنی 27.7٪ـی پشکەکانی مانچێستەر یونایتد و یەکەم کاریشی بۆ یانەکە نۆژەنکردنەوەی یاریگەی ئۆڵدترافۆرد دەبێت، کە تاوەکو ئێستا 158 ملیۆن پاوەند وەبەرهێنانی تێدا کردووە و پێویستی بە 79 ملیۆنی دیکەشە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ.
 
هاتنی راتکلیف لە کاتێکدایە کە مانچێستەر یونایتد بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕدەبێت، دوایین نازناوی پرێمەرلیگی یانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012 و نزیکەی 16 ساڵیشە لە نازناوی چامپیۆنزلیگەوە دوورە، چەند هەفتەیەک دوای رازیبوونی راتکلیف بە کڕینی بەشێكی پشکەکانی رێد دێڤڵس، عومەر بێرادای جێبەجێکاری مانچێستەر سیتی پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە کرد، پێدەچێت دوای راتکلیف ئەوە یەکەمین هەنگاوی یانەکە بێت بۆ ئەوەی بەسەر سیتیزنسی هاوشاریدا زاڵببێت، کە رۆژانی چنینەوەی نازناوەکان بەڕێدەکات.