تۆخێل بایرن دەکاتە دوو بەرە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بە فەرمی راگەیێنرا کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا تۆماس تۆخێل پۆستی راهێنەرایەتی یانەی بایرن میونشن بەجێدەهێڵێت، یاریزانانی یانە ئەڵمانییەکە بەسەر دوو بەرەدا دابەشدەبن، بەشێوەیەک بەشێکیان بەو هەواڵە دڵخۆشن و بەشێکی دیکەیان لە پشتی راهێنەرەکەن.
بایرنی پاڵەوانی دوایین 11 وەرزی بوندێسلیگا، لەم وەرزەدا بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت و لە ئاستی چاوەڕوانی هاندەرانیدا نییە، یانە ئەڵمانییەکە لە لە پلەی دووەمی خولی ئەڵمانیا دێت و هەشت خاڵ لە دوای بایەرلیڤەرکوزنی پێشەنگەوەیە، کە تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا تامی شکستی نەکردووە، لە چامپیۆنزلیگیشدا دۆخی باشتر نییە و لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی خولەکەدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە لازیۆ دۆڕا.
دوای گفتوگۆ و دانووستاندن لە نێوان هەردوو لایەندا، یانەی بایرن میونشن و تۆماس تۆخێل بڕیاریاندا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا جیاببنەوە، بەپێی رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، هەریەکە لە تۆماس مولەر و جۆشوا کیمیچ لە ریزی ئەو یاریزانانە دێن کە بەپەرۆشەوە چاوەڕێی رۆیشتنی ئەو راهێنەرە ئەڵمانییەن، کە پێدەچێت هەردووکیان بەو خولەکە کەمانە دڵخۆش نەبن کە پێیان دەدرێت.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە تۆخێل پێیوایە مولەر لەگەڵ ستایلی یاریکردنی ئەو ناگونجێت، بەپێی دوایین هەواڵەکان کیمیچ لەگەڵ ئەو راهێنەرە دڵخۆش نییە و لە ماوەی رابردووشدا هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە گرژی و ئاژاوە لە نێوان ئەو یاریزانە و یەکێک لە یاریدەدەرەکانی تۆخێل درووستبووە. بەپێی بیڵد، هەریەکە سێرج گنابری، لیۆن گۆرێتزکا، ماتیاس دێ لیخت و ماتیاس تێل لە ریزی ئەو یاریزانانە دێن کە نایانەوێت چیدیکە تۆخێل وەک راهێنەری بایرن ببینن.
لەهەمان کاتدا، هاری کەین کە هاوینی رابردوو پەیوەندی بەو یانەیەوە کرد، یەکێکە لەو کەسانەی پشتگیرییەکی تەواوی تۆخێل دەکات. یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی پشتگیری راهێنەرەکە دەکەن، مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزی یانەکەیە، کە لە ماوەی رابردوودا لە پێکانەکەی گەڕایەوە و وەک گۆڵپارێزی سەرەکی لەلایەن تۆخێلەوە پشتی پێدەبەسترێت. هەریەکە لە ئێریک دایەر، لیرۆی سانێ، جەمال موسیالا و رافایێل گێرێرۆش لە پشتی تۆخێلن و لەگەڵ ئەو دڵخۆشن.
تۆخێل لە مانگی ئاداری 2023 وەک راهێنەری بایرن میونشن دەستبەکاربوو، یانە ئەڵمانییەکە لە ژێر سەرپەرشتی ئەو راهێنەر لە 44 یاریدا، 28 بردنەوە، پێنج یەکسانبوون و 11 دۆڕانی هەیە. بەپێی هەواڵەکان، بایرن لە ئێستاوە هەوڵی ئەوە دەدات لە کۆتایی ئەم وەرزەدا چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری بایەرلیڤەرکوزن بۆ شوێنی تۆخێل بگوازێتەوە.