دوو یانەی ئیسپانی داوای لێپێچینەوە لە بارسا دەکەن و ریال بێدەنگە
رووداو دیجیتاڵ
دوو یانەی بەشدار لە لالیگادا، بێدەنگییان لە بەرامبەر رووداوەکانی تایبەت بە دۆسێی پارەدانی بارسێلۆنا بە جێگری سەرۆکی لیژنەی دادوەرانی لالیگا دەربڕی و داوای پەلەکردن لە روونکردنەوەی راستیی رووداوەکان و لێپێچینەوە لە بارسێلۆنا دەکەن.
بارسێلۆنا هەفتەی رابردوو دۆسێیەکی گەورەی تۆمەتبارکردن بە گەندەڵی لەسەر ئاشکرا کرا، کاتێک میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکرد، کە خۆسێ ماریا ئینریکی نیگرێرا، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی پێشووی لالیگا، پارەی لە یانەی بارسێلۆنا وەرگرتووە لە رێگەی پارەدارکردنی کۆمپانیایەکی تایبەت بەخۆیەوە کاتێک لە نێوان ساڵانی 2016 تاوەکو 2018 جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان بووە.
ئەوەی لە بارسێلۆنا روویداوە، هەندێک بە سکانداڵێکی گەورە ناویدەبەن و داوای لێپێچینەوەی تووند لە بارسێلۆنا دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا داواکاری گشتیی وڵات لە لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە لە دۆسێیەکە بەردەوامە و هەندێک ناوەندی بڕیاربەدەستی تۆپی پێی ئیسپانیاش، وەک سەرۆکی لالیگا، رەتیدەکاتەوە ئەوەی روویداوە ببێتە هۆکار بۆ سزادانی بارسێلۆنا لە رووی وەرزشییەوە.
مشتومڕەکان تاوەکو ئێستا لە ئیسپانیا بەردەوامن.. پێدەچێ وردە وردەش کاردانەوەی یانە جیاوازەکانی لالیگا زیاتر و زیاتر دەربکەون.
سیڤییا گۆمەکە دەشڵەقێنێت
یانەی سیڤییا وەک یەکەم یانەی ئیسپانیا لەسەر دۆسێیەکە هەڵوێستی خۆی دەربڕی، یانەکە بڵاوکراوەیەکی فەرمی راگەیاند، تێیدا هاتووە "پاش چەند رۆژێکی کەم لە گەیشتنی هەواڵەکانی ئەوەی بە دۆسێی نیگرێرا ناودەبرێت، یانەی سیڤییا دڕدۆنگی و لاقرتێی خۆی بەرامبەر زانیارییەکان دەردەبڕێت کە لە میدیاکاندا بڵاودەکرێنەوە".
سیڤییا گوشار دەکات بۆ ئەوەی مشتومڕی سەر دۆسێیەکە یەکلابکرێتەوە، یانەکە دەڵێ "روونیدەکەینەوە کە زۆر پێویستە هەمووان بگەنە کرۆکی رووداوەکان و بۆ هەمووان روون بێت ئەوەی روویداوە چییە و کێ لێی بەرپرسە".
یانەی سیڤییا لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەیدا، داوای پەلەکردن لە خستنە رووی رێوشوێنەکانی سزادانی یانەی بارسێلۆنا دەکات، سیڤییا دەڵێ "سرووشتی گومان هەڵنەگرانەی راستییەکان کە تاوەکو ئێستا زانراوە، کە گومانی زۆر دروستدەکات و پرسیار لەسەر دەستپاکیی پێشبڕکێکانی تۆپی پێی ئیسپانیا دروستدەکات، سەردەکێشی بۆ ئەوەی یانەی سیڤییا بەئاشکرا داوا بکات لە لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، کە نوێنەری باڵای تۆپی پێی ئیسپانیان و بەتایبەت فیدراسیۆنی تۆپی پێ کە باڵاترین دەسەڵاتی بەرپرسە لە ناوبژیوانان، هەموو رێوشوێنەکانی خۆیان کە دەکرێ لەم دۆسێیەوە بێنە ئاراوە، بۆ هەمووان ئاشکرا بکەن، پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان".
سیڤییا لەسەر داخوازییەکانی بۆ روونکردنەوەی زیاتری رووداوەکانی پەیوەست بە دۆسێیەکە سوورە، لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا دەڵێ، "یانەی سیڤییا دەیەوێت دووپات لەوە بکاتەوە کە جیا لە یانە و دامەزراوەکان، هاندەرانی هەموو یانەکانیش مافی رێزلێگرتنیان هەیە و ئەرکی سەرشانی هەموو سەرکردە بەرپرسەکانە کە ژینگەیەکی گونجاو بۆ کامڵبوونی پێشبڕکێکان بڕەخسێنن، بەشێوەیەک کە هەمووان بتوانن بەشداری تێدا بکەن بۆ ئەوەی کارەکان جێگەی گومان نەبن".
هاوشارییەکەی بارساش دەنگ هەڵدەبڕێت
یانەیەکی دیکە کە گوشارەکان پاڵ پێوەدەنێت بە ئاراستەی زوو یەکلاکردنەوەی دۆسێیەکە، یانەی ئیسپانیۆلی هاوشاریی بارسێلۆنایە.. ئیسپانیۆلیش لە بڵاوکراوەیەکدا گوتوویەتی، "یانەی ئیسپانیۆل هەست بەدڕدۆنگی دەکات لە بەرامبەر ئەو زانیارییانەی میدیاکان بڵاوی دەکەنەوە لەبارەی دۆسێی نیگرێراوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام ئەگەری ئەوە دەهێنێتە ئاراوە کە کاریگەری لەسەر پێشبڕکێیەکەمان و یانەکانی دروست بکات کە پێکهێنەری پێشبڕکێکانن و ئەگەر هەیە زیانی مەترسیدار لە دامەزراوەکان بدات، بۆیە ئێمە داوای کاری ئاوارتە دەکەین کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە روونکردنەوەی ئەوەوە هەیە کە لە راستیدا چی روویداوە. ئەگەر پێویست بکات پێویستە بەرپرسیاریەتییەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی راست بکرێنەوە".
ئیسپانیۆل، وەک یەکێک لە یانە بەشدارە کاریگەرەکانی لالیگا، دووپات لەوە دەکاتەوە، کە ئەوان "هەمیشە داکۆکیمان لە ملکەچبوونی تووندی یاسا و رێوشوێنە کارپێکراوەکان کردووە و هەر بەو مانایەش داوا لە دەستە و دامەزراوە تایبەتمەندەکان دەکەین، بەخێرایی مامەڵە لەگەڵ دۆسێیەکەدا بکەن لە کاتێکدا ئەوەی باسدەکرێت، گومان لەبارەی ناوبانگی تۆپی پێی وڵاتەکەمان لە دونیادا دروستدەکات".
یانەی ئیسپانیۆل، لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا بیرهێنانەوەیەک دەداتە هەمووان و دەڵێ، "لە ماوەی رابردوودا، یانەکەمان کاریگەربوو بە بڕیارێک کە سرووشتێکی دیکەی هەبوو، کە بەبڕوای ئێمە کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر رکابەرییەکانمان دروستدەکات و دەیخاتە ژێر مەترسییەوە، ئەمە جیا لەو زیانانەی بەر یانەکەمان کەوت، بەڵام ئێمە لەو رێزەوە کە هاندەرەکانمان هەیانە، داوا لە هەموو یانەکانی دیکە و رێکخراوەکان دەکەین، هەنگاوبنێن بۆ بەرگریکردن لە ئاستی دروست و ناوبانگی باشی تۆپی پێی وڵاتەکەمان".
ریال مەدرید هەر پاشایە
لەم گەرمەی تەنگژە و رووداوە دراماتیکییانەدا کە لەبارەی دۆسێیەکەی بارسێلۆنا و نیگرێراوە دەوروژێنرێت، هەمووان چاوەڕێن بزانن ریال مەدرید، کە گەورەترین رکابەری بارسێلۆنایە لە گۆڕەپانە نێوخۆییەکەی ئیسپانیادا چی دەڵێت؟
ریال مەدرید تاوەکو ئێستا بەفەرمی و نافەرمی هیچ بۆچوونێکی خۆی لەبارەی رووداوەکەوە رانەگەیاندووە. لە کاتێکدا ئەگەر بارسێلۆنا سزا بدرێت، سوودمەندی یەکەم لە دۆسێیەکەدا، ریال مەدرید دەبێت.
لە هەڵوەستەکردن لەسەر هەڵوێستی ریال مەدرید لەبارەی دۆسێیەکەوە، میدیای ئیسپانیا دەڵێن، ریال مەدرید رەتیکردووەتەوە، سکانداڵەکە لەبەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە.
ماڵپەری "Relevo"ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، هەڵمەتێکی گەورەی بۆ ناڕەزایەتی لەسەر دۆسێیەکە و ئەوەی بارسێلۆنا ئەنجامیداوە، بەرپاکردووە، بەڵام ریال مەدرید لە نێو هەڵمەتەکەدا نییە. تەنانەت رەتیکردووەتەوە بەشداریی تێدا بکات.
میگێل ئانخێل خێل، سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، پێشنیازی کردووە یانەکانی خولی ئیسپانیا بڵاوکراوەیەکی هاوبەش رابگەیەنن لە دژی دۆسێیەکە و یانەی بارسێلۆنا، بەڵام ریال مەدرید رەتیکردووەتەوە.
ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوەداوە کاتێک بەرپرسەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید داوای راگەیاندنی بڵاوکراوەی کردووە، بەرپرسەکانی ریال مەدرید بەوە رازی نەبوون، رایانگەیاندووە، "ئامادەین و بایەخ بەوە دەدەین کێشەکە چارەسەر بکەین، بەڵام ئێمە لە دژی هیچ یانەیەک لە دۆسێیەکەدا نایەینە پێشەوە".
ماڵپەری "Relevo" دەڵێ، ریال مەدرید گوتوویەتی، ئامادە نییە پابەند بێت بە واژۆکردنی هیچ بڵاوکراوەیەکی هاوبەش لەگەڵ یانەکانی دیکەدا.
هەمان ماڵپەر دەڵێ، لە کۆبوونەوەی تایبەت بە مشتومڕی یانەکانی ئیسپانیا، لەبارەی دۆسێیەکەی بارسا، کە ئێوارەی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوەچووە، نوێنەرێکی یاسایی ریال مەدرید بەشداریی کردووە، بەڵام ئەو نوێنەرە رەتیکردووەتەوە واژۆ لەسەر هیچ بڵاوکراوەیەک لە دژی بارسێلۆنا بکات و گوتوویەتی بۆ دەربڕینی دوایین هەڵوێستی ریال مەدرید لەوبارەیەوە، دەبێ بگەڕێمەوە بۆ بەرپرسە باڵاکانی خۆم.
تیباس سەنگەر دەگوازێتەوە
لە دوایین پێشهاتەکانی دۆسێیەکەدا، خافیێر تیباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، کە پێشتر گوتبووی بارسا لە رووی وەرزشییەوە لەسەر دۆسێیەکە سزا نادرێت، هەڵوێستێکی تووندتری پێشاندا.
میدیای ئیسپانیا ئەوەی تیباسیان ناوناوە گێڕگۆڕینم یان سەنگەرگواستنەوە. تیباس گوتوویەتی، ئەگەر خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا روونی نەکاتەوە بۆچی پارەیان داوەتە ئەو کۆمپانیایەی کە نیگرێرا خاوەنی بووە، ئەوە دەبێ دەستبەجێ دەستلەکاربکێشێتەوە.
تیباس لە میانی بەشداریکردنی لە پێشکێشکردنی بنمیچی مووچەی رێپێدراوی یانەکانی لالیگا، گوتوویەتی، "ئەگەر لاپۆرتا بەجوانی روونی نەکاتەوە هۆکار چییە کە ئەوان ئەو پارانەیان داوەتەوە کۆمپانیاکە، پێموایە دەبێ دەستبەجێ دەستلەکاربکێشێتەوە و واز لە کارەکەی بهێنێت".
تیباس، کەمێک تەمومژی سەر دۆسێیەکە و پێشهاتەکانی رەواندووەتەوە، دەڵێ "تاوەکو ئێستا ئەو (لاپۆرتا) بەڵگەی روونی نەخستووەتە روو لەبارەی هۆکاری پێدانی ئەو پارانە بە کۆمپانیاکەی نیگرێرا، لە کاتێکدا بڵاوکراوەکەی بارسا وا باسی دۆسێیەکە دەکات کە ئەوە شتێکی ئاسایی بێت و لە هەموو یانەکانی تۆپی پێدا رووبدات".
تیباس زیاتر گوتوویەتی "ئەگەر تۆ ناوبژیوانی پێشووت هەبن شتێکە و ئەگەر ناوبژیوانی پێشووت هەبێت لە لیژنەی ناوبژیواناندا، ئەوەیان شتێکی دیکەیە.. بێگومان دەمەوێ ئەوە روون بکەمەوە کە بابەتەکە تەنیا سێ وەرز نییە، بەڵکو چەندین وەرزە، من بەهیچ شێوەیەک ئەوەم بەدڵ نییە کە روویداوە".
سەرۆکی دەستەی لالیگا، ئاشکرایکردووە، ئەگەر پێویست بکات، ئەوان بابەتەکە دەبەنە بەردەم فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا (یۆفا).
تیباس لەبارەی پەرچەکرداری یانەکانی ئیسپانیاوە لەبارەی رووداوەکانی پەیوەست بە بارسێلۆنا، دەڵێ، "هەر یانەیەک ئازادە رای خۆی دەرببڕێت، هەمووان هەست بەدڵەڕاوکەی قووڵ دەکەن، تەنانەت لە بارسێلۆناش".
تیباس لە هەمان بۆنەدا زیاتر گوتوویەتی، "زیانەکانی رووداوەکە زۆر گەورەیە، روونکردنەوەمان لەبارەی هەندێک زانیارییەوە بۆ داواکاری گشتی ناردووە، کە پێمانوایە یارمەتیدەر دەبێت لە لێکۆڵینەوەکاندا".
ئەوەی تاوەکو ئێستا لە دۆسێیەکەدا روونە ئەوەیە کە بارسێلۆنا بڕی 1،4 ملیۆن یۆرۆی داوەتە کۆمپانیایەک کە خۆسێ ماریا ئینگێز نیگرێرا خاوەنداریەتی دەکات و بارسێلۆناش گوتوویەتی ئەوەمان بۆ گۆڕینی ئەنجامی یارییەکان نەکردووە، بەڵکو بۆ راوێژی ناوبژیوانی و روونکردنەوەی یاساکان بۆ یاریزانەکانمان کردووە.