کەریم بەرامبەر ئاتالانتا یاری دەکات؟ زیدان وەڵام دەداتەوە

رووداو دیجیتال

زینەدین زیدان، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە پرێسکۆنفرانسی دوای یارییەکەیان بەرامبەر ڤایادۆلید، هیوای خواست هەندێک لە یاریزانە پێکراوەکانی بۆ یاری ئاتالانتا لە چامپیۆنزلیگدا بگەڕێنەوە و باسی چانسی کەریم بنزیماش بۆ بەشداریکردن لەو یارییەدا کرد.

ریال مەدرید لە گەڕی 24ـی لالیگادا بە تاکە گۆڵێک لە یانەی ڤایادۆلیدی بردەوە و ئێستا خۆی ئامادەدەکات بۆ یاری چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، کە چوارشەممە دەبێتە میوانی ئاتالانتای ئیتالی.

زیدان لە سەرەتای قسەکانیدا دڵخۆشی خۆی بۆ بردنەوە لە ڤایادۆلید نیشاندا و گوتی "پێویست ناکات هیچ پەیامێک بنێرم، ئەوە بردنەوەیەکی گرنگ بوو، ئەوە چوارەم سەرکەوتنە لەسەریەک و دەبێت بەردەوام بین لە کارکردن و بەدەستهێنانی سەرکەوتن".

کەریم بنزیما بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یاری ڤایادۆلیددا نەکرد و پرسیاری ئەوەیان لێکرد کە ئایا بۆ یاری ئاتالانتا ئامادەدەبێت؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "سبەی بنزیما پشکنینی زۆری هەیە، با بزانین دەتوانێت بگەڕێتەوە نێو پێکهاتەکەمان یان نا، ئێستا ئەو باشترە، بەڵام ئێمە سەرکێشی بەو ناکەین و ئەگەر باش نەبێت یاری ناکات".

زیزۆ هەروەها گوتی "ئێستا باشبووین، بەردەوامبوونمان هەیە لە رووی ئەنجامە باشەکانەوە، هەموو تیپەکە زۆر باش بەرگری دەکات، هەروەها دەزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ تۆپدا بکەین کاتێک دەگەینە ناوچەکانی بەرامبەر، دەبێت ئێستا پشوو بدەین، رۆژی چوارشەممەش بە باشترین شێوە ئامادەکاری بۆ یارییەکەی ئاتالانتا دەکەین".

لە وەڵامی ئەوەی تا چەند ریال مەدرید دەتوانێت بەو پێکانە زۆرانەوە بەردەوام بێت؟، زیدان گوتی "بارودۆخەکە وەک خۆی وایە، زۆر پێکانمان هەیە، هیوادارم چەند یاریزانێک بگەڕێنەوە، بەڵام نازانم هەفتەی داهاتوو دەگەڕێنەوە یان نا".